هۆزان دیار لە دژی خیانەتی پەدەکە بانگەوازی ڕاگەیاند

هونەرمەند هۆزان دیار داوایەکی ئاراستەی گەلی کورد، بەتایبەتی هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی کورد کرد، و وتی: "بە هەڵوێستێکی کوردەواری دەتوانین ڕێگری لە خیانەتی پەدەکە بکەین و بێکاریگەری بکەین. ناهێڵین کەس یاری بە چارەنووسمان بکات".

ناڕەزایەتییەکان دژی شەڕ لە کوردستان بەردەوامە، کە لەلایەن دەوڵەتی تورک و بە هاوکاری پەدەکە بەڕێوەدەچێت. هونەرمەند هۆزان دیار سەرنجی بۆ هێڵی خیانەتی پەدەکە ڕاکێشا و لەوبارەشەوە داوای کرد هەڵوێست نیشان بدرێت.

هۆزان دیار بە تایبەتی بانگەوازی ئاراستەی خەڵکی باشووری کوردستان کرد و بەبیری خستنەوە کە ئەوان لە سەردەمێکی مێژووییدان و وتی: "مەترسییەکی لەوجۆرەیە کە هاوشێوەی لە سەدەی ڕابردوودا کرا، دوژمنانی گەلەکەمان دەیانەوێت یاری بە چارەنووسی گەلەکەمان بکەن، ئێمە بکەنە کۆیلە، کوردستان پارچە بکەن، وەک ئاغاکان خۆتان بەسەرماندا بسەپێنن".

'دەبێت هەموان لە دژی هێرشەکان هەڵوێست نیشان بدات'

هۆزان دیار لەبارەی هێرشەکان سەرنجی بۆ مەترسیەکان ڕاکێشا و وتی: "وەک وڵاتپارێزێک، وەک هونەرمەندێکی گەلی کورد، مەترسییەکی گەورە دەبینم و دەمەوێت سەرنجی بۆ ئەو مەترسییە ڕابکێشم. ئێمە هونەرمەندین، دەمانەوێت بە هونەرەکەمان بچنە بەردەم گەل، بەڵام دۆخی سیاسی کوردستان ، ئەو کردەوانەی دەوڵەتی تورک لەگەڵ هاوکارەکانی لە کوردستان ئەنجامی دەدات، وا دەکات کە هەموو وڵاتپارێزێکی خاوەن ویژدان، هونەرمەند، ڕۆشنبیر، هەموو کەسێکی خاوەن ویژدان ناچار بێت هەڵوێست بگرێتەبەر".

'دەیانەوێت دەستکەوتەکان لە کوردستان لەناو ببەن'

هۆزان دیار وتیشی: دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان لە ڕێگەی سوپاکەی، میت، سیخوڕەکانی دەیەوێت ڕەگ ​​و ڕیشەی کورد لەناوببات و لە هەموو شوێنێک دەستکەوتەکانی کوردستان لەناوببات و ئاماژە بۆ ئەوەشکرد، " بۆ ماوەی سەد ساڵە ئەمە یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی دەوڵەتی تورک. ئێمە دوژمنەکەمان باش دەناسین، پێویستە هەموو خوشک و براکانمان ئەم دوژمنە خوێنڕێژە باش بناسن. دەوڵەتی تورک دەیان بنکەی سەربازی دروستکردووە و باشووری کوردستانی داگیرکردووە. باشووری کوردستانی وەک پارێزگایەکی دەوڵەتی تورک کردووە. بە کەلتوور، سوپا، میت و هتد لە جموجۆڵێکی گەورەدایە. ئەمە بۆ گەلی کورد جێگەی شەرمەزارییە. لەژێر ستەمی سوپای سەدامدا بە خوێنی هەزاران شەهید خاکی باشووری کوردستان ئازاد کرا، بەڵام بەداخەوە ئێستا پێشکەشی قاچەکانی سوپای تورک دەکرێت. ئەمە بۆ ئێمە شەرمەزارییەکی گەورەیە".

'دەبێت پەدەکە واز لە هێڵی خیانەت بهێنێت'

هونەرمەند هۆزان دیار ئاماژەی بەوەشکرد، پەدەکە هاوکاری دوژمنانی کورد دەکات و ئامانج ئەوانیش گەریلاکانی ئازادی کوردستانە. جەختیشیکردەوە، "دەبێت واز لەم هێڵە خیانەتە بهێنن، من ویستم بە ناوێکی تر پێناسەی بکەم، بەڵام خیانەت خیانەتە، بە ناوێکی دیکە ناکرێت پێناسە بکرێت. هونەرمەندانی کوردستان، بەتایبەتی هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی باشوور، پێشمەرگەی کوردستان، ئەو هێڵی خیانەتەی کە لە کوردستان بەڕێوەدەچێت، بە ناوی ئێوەوە ئەنجام دەدرێت. ڕێگە بەوە مەدەن. ئێمە دەتوانین خیانەت بوەستێنین، ئەوەی دەیانەوێت گورزی لێبدەن گەریلاکانی ئازادی کوردستانن، ئەوان تەنیا گەریلای یەک پارچە نین، ئەو گەریلایانە بۆ ئازادی چوار پارچەی کوردستان تێکۆشان دەکەن.

'دەتوانین ئەم خیانەتە راوەستێنین'

هۆزان دیار لە درێژەی قسەکانیدا وتی: وتەیەکی پێشینیان هەیە لەبارەی دوژمنەوە، کە دەڵێت "ئەوان نانی بەیانی بن ئێوە پارشێو بن". ئەمە دۆخێکی ئاسایی دوژمنانی گەلی کوردە، هەمیشە لە مێژوودا ئەو کارەیان کردووە. نابێت جارێکی تر بکەوینە ناو ئەم داوەوە. دەبێت لە خەوی بێ ئاگایی وشیار بینەوە. دەتوانین ئەم خیانەتە راوەستێنین.

وتیشی: جیاوازی نێوان ئەردۆغان و سەدام چییە؟ جیاوازی لە نێوان هاکان فیدان و عەلی کیمیایی، کە بەرپرسی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە چیە ؟ کاربەدەستانی پەدەکە کە بەگەرمی لە ئامێزیان دەگرن، پێویستە بیر لەم بابەتە بکەنەوە. شەرمەزارییە، دایکانی گەریلا و دایکانی کوردستان ئازار دەدات. شه‌رمه‌!

جەختیشیکردەوە، ئەگەر پشتیوانی لە گەریلاکانی ئازادی کوردستانیش نەکەن، نابێت ڕێگە بەم سیخوڕە بدەن، ڕێگە بە دەوڵەت و سوپای تورک بەدەن. یاری بە چارەنووسی گەلەکەمان دەکەن. گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە پێناو ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ ئێمە خۆیان فیدا دەکەن. ئەوان خوشک و برای ئێمەن. چۆن دەتوانن ڕێگا بۆ دەوڵەتی تورک خۆش بکەن و پاڵپشتی لۆجستیکی بکەن تا بتوانن لە بەر چاوی ئێمەدا گەلەکەمان کۆمەڵکوژ بکەن؟ ئەمەش قبوڵکراو نییە. ئەوە مایەیی قبوڵکردن نییە. ناوی ئەوەش خیانەتە.

هێمای بۆ ئەوەشکرد، ئەم شەڕە لە نێوان گەلی کورد و دوژمنانی کورد ڕوودەدات. شەڕی نێوان گەریلا و دەوڵەتی تورکە. ناوی دیکەی نییە، پێناسەکردنی ئەمە بە وشەی 'براکوژی' ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هاوکاریکردنە لە خیانەتدا".

هۆزان دیار لە کۆتاییدا بانگەوازێکی بەم شێوەیەیی ڕاگەیاند: "وەک هونەرمەندێکی وڵاتپارێز داوا لە هەموو هونەرمەندان، هەموو رۆشنبیران دەکەم: دەنگی خۆیان بەرزبکەنەوە. ئێمەی وڵاتپارێزان بە هەڵوێستێکی کوردەواری دەتوانین خیانەت رابگرین، بێ کاریگەری بکەین. رێگە نادەین کەس یاری بە چارەنوسمانەوە بکات. ئەو هێزەمان هەیە. ئێمە دەتوانین بەر بە خیانەت بگرین. بمرێ خیانەت. بژی کوردستان. بژین کوردانی خۆڕاگر و شکۆمەند".

ژ.ن