لە یوتۆبۆری فستیڤاڵی کولتووری کوردی سازکرا

لە شاری یوتۆبۆری سوید فستیڤاڵی کولتوری کوردی سازکرا. بە هەزاران کەس بەشدارییان لە فستیڤاڵەکەدا کرد و بە کولتور و هونەر بەرامبەر جینۆساید و تواندنەوەی کولتوری لە کوردستان وەستانەوە.

دوای ستۆکهۆڵمی پایتەخت، لە شاری یوتۆبۆری سویدیش دستیڤاڵی کولتووری کورد سازکرا، تیایدا بە هەزاران کوردستانی لە ناوەندی شارەکە کۆبوونەوە و بە پێشەنگایەتی رێکخراوە کوردیەکانی ئەو شارە لە کاتژمێر ١١:٠٠دا دەستیان بە فستیڤاڵەکە کرد.

لە چوارچێوەی فستیڤاڵەکەدا لە جلوبەرگی کوردیەوە تا خواردن و ناساندنی کتێبی کوردی، سەکۆی جیاجیا دانرابوون.

بەمەبەستی ناساندنی کتێبەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەکۆیەکی تایبەت دانرابوو، کە ژمارەیەکی زۆر لە کتێبەکانی ئەو بە زمانەکانی ئینگلیزی، ئەڵمانی، فەرەنسی و سویدی وەرگێڕدرابوون.

کوردستانیان بە جلوبەرگی کوردی رەنگینی کولتوری خۆیان لە ئەوروپا ناساند.

ژمارەیەکی زۆر سیاسەتمەدار، نوسەر و رۆژنامەوانی سویدیش بەشدارییان لە فستیڤاڵەکەدا کرد.

بەڕێوەبەرانی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراسیخوازی کورد لە فستیڤاڵەکەدا قسەیان کرد.

ئەو کەسانەی وتاریان پێشکەش کرد باسیان لە شەڕ و جینۆساید لە کوردستان کرد و گرنگی هەبوونی کولتور و هونەری کوردییان خستەڕوو و دەوڵەتی تورکیشیان شەرمەزار کرد.

بەشداربووانی فستیڤاڵەکە داوای ئازادی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد و دروشمی "ئازادی و ستاتۆ بۆ کوردستان"یان وتەوە.

هونەرمەندانی کورد شڤان پەروەر، سەرحەدۆ، نارینخان، فەرزاد مێهدی نیا، گروپی مورادیان، شیار و دژوار کۆنسێرتیان سازکرد. بە هەزاران کەس بەشدارییان لە فستیڤاڵەکەدا کرد و ئاهەنگیان گێڕا.

فستیڤاڵەکە تا ئێستا بەردەوام بوو.

هـ . ب