لە ڕۆژئاوا شەشەمین فێستیڤاڵی هەڵپەڕکێ دەستپێدەکات

سبەینێ شەشەمین فێستیڤاڵی هەڵپەڕکێی شەهید ڕۆناهی باوەر لە شاری ڕمێلان دەستپێدەکات و بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

بڕیارە شەشەمین فێستیڤاڵی هەڵپەرکێی شەهید ڕۆناهی باوەر، لە نێوان ١٦ بۆ ٢٠ی ئەیلول لە شاری ڕمێلان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەبچێت. لە فێستیڤاڵەکەدا کە لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە بەڕێوەدەچێت، گروپە میوزیکەکانیش دەچنە سەر شانۆ و هەڵپەڕێکی کولتوورییەکانی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێشکەش دەکرێن.

ئەڤین بیلال، یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاری فێستیڤاڵەکە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فورات (ANF) ڕایگەیاند، "لە ساڵی ٢٠١٥ەوە ئەم فێستیڤاڵە بە چەمکێک بەڕێوەدەچێت، کە ڕەنگی سەرجەم پێکهاتە گشتییەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەخۆدەگرێت. بەهۆی هێرشەکان دژی ڕۆژئاوا، فێستیڤاڵەکە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩-٢٠٢١ بەڕێوەنەچووە، پێنجەمین فێستیڤاڵیش ساڵی ٢٠٢١ لە شاری حەسەکە بەڕێوەچوو، ئەمساڵ شەشەمین فێستیڤاڵ لە ڕمێلان بەڕێوەدەبەین".

ئەڤین بیلال لەبارەی ناوەڕۆک و ئامادەکارییەکانی فێستیڤاڵەکەش وتی: فێستیڤاڵەکەمان وەک کولتوورێک جێگەی خۆی لە نێو کۆمەڵگەدا کردووەتەوە. لەلایەن کۆمیتەی کەلتووری و هونەر و مانگی زێڕین و بزووتنەوەی تەڤ-چاند ئامادەکارییەکی بەهێز بۆ ئەم فێستیڤاڵە کراوە. لە فێستیڤاڵی ئەمساڵدا، پەیامێکی هاوسۆزی بۆ ژینا ئەمینی و هەموو ئەو کەسانەی لە دەوری دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکیان گرت، دەدرێت.

وتیشی: "نزیکەی ٤ مانگە ئامادەکاری بۆ فێستیڤاڵەکە دەکەین. لە فێستیڤاڵەکەدا ٢١ گرووپی هەڵپەڕکێی لە نەتەوەکانی کورد، عەرەب، ئاشووری، سوریانی و ئەرمەنی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەشداری دەکەن. لە هەمان کاتدا گروپەکانی مۆزیک و هونەریش بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا دەکەن".

ژ.ن