فستیڤاڵی ئاشتی و پێکەوەژیان لە کەرکوک بەڕێوەچوو

لە چوارچیوەی دەستپێشخەری ئاشتی کۆمەڵایەتی و قوڵکردنەوەی پێکەوەژیانی ئاینی، لە شاری کەرکوک فستیڤاڵی ئاشتی و پێکەوەژیان بەڕێوەچوو.

ئێوارەی دوێنێ پێنج شەممە لە تایم سەنتەر مۆڵ لە گەرەکی ڕەحیماوەی شاری کەرکوک، لە فستیڤاڵێکدا بۆ گەشەپێدانی پێکەوەژیان لە کەرکوک لە چوارچیوەی دەستپێشخەری ئاشتی کۆمەڵایەتی و قوڵکردنەوەی پێکەوەژیانی ئاینی، ڕێکخراوی پارسا بۆ گەشەپێدان لەژێر ناوی(ڤستیڤاڵی ئاشتی و پێکەوەژیان) ڤستیڤاڵێکی هونەری سازکرد.

 لە فستیڤاڵەکەدا کەسایەتییەکانی شاری کەرکوک، چالاکوانان، لایەنە سیاسیەکان، نوێنەری ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ئامادەی فستیڤاڵەکە بوون، هەروەها فستیڤاڵەکە چەند برگەیەکی لە خۆ دەگرت لەوانەش (کاری دەستی خانمان، نمایش کردنی تابلۆی شێوەکاری کچانی هونەرمەندی شارەکە، هەروەها چەند شاعیرێک بە شعری تایبەت بە پێکەوەژیان شعریان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد وە گروپی هەڵپەرکێ و گۆرانی میلی بە بەرهەمە هونەرییەکانیان فستیڤاڵەکەیان زیاتر دەوڵەمەند کرد.

 ئەڵماس سەمیع، جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی پارسا بۆ گەشەپێدان، سەبارەت بە ناوەڕۆکی فستیڤاڵەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF)ووتی: "بەئامانجی پتەوکردنی پێکەوەژیان و ئاشتی لە شاری کەرکوک، هەستاین بە کردنەوەی ئەم فستیڤاڵە، بەتایبەتی کە شاری کەرکوک فرە نەتەوە و فرە ئاینە، ئەمەش هەوڵێکە بۆ زیاتر پەرپێدانی ئاشتی لە شارەکە، بڕگەکانی ئەم فستیڤاڵە پێکهاتووە لە چەند برگەیەکی هونەری وەکو کاری دەستی خانمان و تابلۆی شێوەکاری کچانی هونەرمەندی شارەکە، هەروەها چەند شاعیرێک و گروپی هەڵپەرکێ و گۆرانی میلی، ئێمە لێرەوە ئەو پەیامە دەگەینێن کە خەڵکی بە ئارامی و ئاشتی پێکەوە بژێن، هەمیشە پێکهاتەکانی شاری کەرکوک پێکەوە بەبێ هێچ کێشەیەک ژیاون ئێمە هەوڵدەدەین ئەو پێکەوەژیان و ئاشتیەی نێوان پێکهاتەکان بەردەوامی هەبێت".

 هەروەها لەلای خۆیەوە بەختیار محەمەد سەرۆکی ڕێکخراوەکە و ئامادەکاری فستیڤاڵەکە سەبارەت بە گرنگی ئەم جۆرە فستیڤاڵانە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) ووتی: "لەبەر ئەوەی کەرکوک لەڕووی ئاینی و نەتەوەوە فرە پێکهاتەیە، وە یەکێکە لەو شارانەی کە زۆرترین ململانیەی سیاسی تێدایە کە ئەم ململانیانە هەندێک جار هەوڵدەدرێت ببینە ململانەی نەتەوەیی و ئاینی، بۆیە بوونی ئەم جۆرە فستیڤاڵانە لەم شارە زۆر گرنگ و پێویستە چونکە لەڕێگەی ئەم فستیڤاڵی پێکەوەژیانە ئاین و نەتەوەکانی شارەکە تێکەڵ بەیەک دەکەین و هەروەها کاری هونەری جۆرێک لە ئارامی ئەبەخشێت بەو کەسانەی کە ئامادەی ئەم ڤستیڤاڵە دەبن، ئەم جۆرە فستیڤاڵەنە بۆ بەهێزکردنی پێکەوەژیان گرنگ و پێویستە بۆ ئەم شارە".

هـ . ب