ژین و ژیان لە کەمپی مەخمور

منداڵانی ھونەرمەندی گروپی 'ژینم، ژیانم'ی سەر بە ئەستێرەی زێڕینی کەمپی مەخمور، بە هونەر و گۆرانیەکانیان لە کەمپەکە سەرنج ڕادەکێشن.

منداڵانی ھونەرمەندی گروپی 'ژینم، ژیانم'ی سەر بە ئەستێرەی زێڕینی کەمپی پەنابەرانی شەھید روستەم جودی (مەخمور)، لە ئێستاوە بە هونەر و گۆرانیەکانیان لە ناو کەمپەکە سەرنج ڕادەکێشن.

گروپی مۆسیقای 'ژینم ژیانم' لە 10 کەس پێکهاتووە و نزیکەی سێ ساڵە لە ناوەندی ئەستێرەی زێڕین لە مەخمور ڕاهێنان دەکەن.

ئەو گروپە دەیان جار لە بۆنە و ئاهەنگەکاندا چوونەتە سەر شانۆ و هونەرەکەیان پێشکەش کردووە. زۆر جار لە پێناو شەرمەزارکردنی گۆشەگیریی توندکراوی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و ورە بەخشین بە گەل، لە چالاکی ئێشکگری کە لە ڕۆژی ٢٠ی تەمووزەوە لە کەمپی مەخمور دەستیپێکردوە، گۆرانیان پێشکەش کردووە.

زۆربەی گۆرانییەکانی ئەم گرووپە شۆڕشگێڕانەن. تەنیا یەک ئامانجیان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە خاوەنداری لە کولتوور و هونەری کوردی بەکەن و سود بە کۆمەڵگاکەیان ببەخشن.

بۆ ئەم مەبەستەش ھەموو کات لە ھەوڵی باشترکردنی خۆیانن و بە بەردەوامی ڕاهێنان دەکەن. ژیانی پێکەوەیی و پێکەوە کارکردنی ئەم گروپە، هەمیشە سەرنجی خەڵکی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و وایکردووە منداڵان و گەنجانی کەمپەکە زیاتر ڕوو لە ناوەندی ئەستێرەی زێڕین بکەن.

گروپەکە لای خەڵکی کەمپەکە زۆر خۆشەویستە و هەمووان دەیانناسن و پاڵپشتییان لێدەکەن. گروپی 'ژینم ژیانم' وەک ناوەکەی ژین و ژیانی کەمپەکەیە.

ئەندامانی گروپی 'ژینم ژیانم'ی سەر بە ئەستێرەی زێڕین، لەبارەی کارەکانیان بۆ ئاژانسی فورات (ANF) قسەیان کرد.

یاسین ئاپایدن، یەکێک لە ئەندامانی گروپەکە وتی: ئێمە گرووپی ژینم ژیانم، بە دڵخۆشیەوە گۆرانی دەچڕین و خەڵک دڵخۆش دەکەین. ئێمە دەمانەوێت ڕێبەرمان بە شێوەیەکی جەستەیی ئازاد بکرێت. ئەو گۆرانیانەی دەیانڵێینەوە، پێشکەشی ڕێبەر ئاپۆ و گەریلاکانی سەر چیا دەکەین.

ھەروەھا ڤیان ییگیت ئەندامێکی دیکەی گرووپەکە وتی: "ئێمە وەک گروپ، ماوەی سێ ساڵە پێکەوە ڕاھێنان دەکەین و گۆرانی دەڵێین. ئێمە لێرە فێری هونەری کوردی دەبین".

ھەروەھا دەزدار ئوتون-یش وتی: "ئێمە گۆرانی لەسەر ڕێبەر ئاپۆ، شەهیدان، گەریلا و کوردستان دەچڕین. ھەر گۆرانییەکمان بابەتێک لەخۆ دەگرێت".

لای خۆشیەوە نالین ئاپایدن بەمجۆرە باسی هەستی خۆی کرد و وتی: "گرووپەکەمان ناوی ژینم ژیانمە. واتاکەی زۆر خۆشە، ھەم ژنە و ھەم ژیانە. وەک گروپێک بە گۆرانییەکانمان گەل دڵخۆش دەکەین. لە شوێنی چالاکییەکاندا گۆرانی و هونەرەکەمان پێشکەش دەکەین. بە گۆرانییەکانمان هێرشەکانی سەر کورد شەرمازار دەکەین و داوا لە هەموو گەنجان دەکەین خاوەنداری لە کولتوور و هونەری کوردی بکەن".

ژ.ن