کۆنگرەی ستار: گەلی عەفرین لە دژی داگیرکەری درێژە بە بەرخودان دەدات

کۆنگرەی ستار سەبارەت بە ساڵیادی داگیرکرانی عەفرین راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەوەی خستەڕوو کە خەڵکی عەفرین سەریان بۆ داگیرکەری دانەنەواندووە، بە دەرفەت و توانای کەمەوە لە دژی داگیرکەری درێژە بە بەرخودان دەدەن.

ئەنجومەنی کۆنگرەی ستار بە بۆنەی شەش ساڵەی داگیرکرانی عەفرین راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و لە راگەیەندراوەکەدا لە کەسایەتی شەهیدان تێکۆشین، بارین، ئاڤێستا، کارکەر رۆژهات و ئیلان هەموو شەهیدانی بەرخودانی عەفرین بەبیرهێنراونەتەوە و ئەوە خراوەتەڕوو، کە بە بیردۆزی ئازادی ژن و فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیک بەرخودانی تێکشکاندنی داگیرکەری بەردەوام دەبێت، گەڕانەوەی گەل بۆ عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی دێتەدی.

لە راگەیەندراوەکەدا بەبیرهێناوەتەوە کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠١٨ بە ٧٢ فڕۆکەی شەڕ هەرێمی عەفرینیان بە شێوەیەکی دڕندانە بۆردومان کرد، منداڵ، ژن و کەسانی بەتەمنیان کوشت، ژێرخانی هەرێمەیان وێران کرد. لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، کە هێزە نێونەتەوەییەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە بەرامبەر دڕندەیی و پێشلکردنی پێوانە ئەخلاقییەکان بێدەنگ بوون.

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو کە لە ماوەی شەش ساڵ داگیرکەریدا کوشتن، زیندانیکردن، رفاندن، دەستدرێژی بەردەوام بووە و هەروەها هاتووە، "ئەمانە تاوانی شەڕن. بەتایبەتی کردەوەکان دژی ژنان تاوانی شەڕە. لە تەنیشت ئەوەوە دەیانەوێت لە مانگی ئاداردا کە نەورۆز لە خۆی دەگرێت کۆمەڵکوژی ئەنجام بدەن. لە دوایین نمونەدا منداڵێکیان بە ناوی ئەحمەد مەدێ کوشت".

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە گەلانی عەفرین لە ٧ ساڵەوە تا ٧٠ ساڵ بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە بوونە شەڕڤانی دۆزی ئازادی و بەم جۆرە بەردەوام بووە، "بە تایبەتی ئەو دایکانەی دەڵێن، 'ئێمە بە بێ منداڵ دەتوانین بژینم بەڵام بە بێ شکۆ و وڵات ناتوانین بژین' ئاستی بەرخودانیان نیشاندا. لە قۆناغی دووەمی بەرخودانی سەردەمدا و لە کەمپەکان سەرباری دەرفەت و توانای کەم، بوونی سیاسەتی قڕکردن و گەمارۆش، بەڵام بە هیوای مسۆگەرکردنی گەڕانەوە بۆ عەفرین خۆڕاگری دەکەن".

لە راگەیەندراوەکەدا کردەوە و پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە عەفرین بە توندی شەرمەزار کراون و داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کراوە کە گوشار بخەنە سەر دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ ئەوەی لە هەموو ناوچەکان بکشێتەوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە لە سەر بنەمای بیردۆزی ئازادی ژن و فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیک تێکۆشان بەرزدەکرێتەوە و ئەوەش خراوەتەڕوو، "ئێمە لە سەر بنەمای رێچکەی شەهیدان، بۆ هێنانەدی ئامانجەکانیان، تا تێکشکاندنی داگیرکەری و گەڕانەوەی گەل بۆ عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی درێژە بە بەرخودان دەدەین".

هـ . ب