لە کەمپی هۆلەوە ٢٥٠ بنەماڵەی چەتەکانی داعش دەنێردرێنەوە بۆ عێراق

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی نێوان عێراق و ئیدارەی بەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ٢٥٠ بنەماڵەی چەتەکانی داعشی خەڵکی عێراق، لە کەمپی هۆلەوە دەنێردرێنەوە و لە کەمپی ئەلجەدا لە موسڵ جێگیر دەکرێن.

کەمپی هۆڵ

بەگوێرەی سەرچاوەکانی ڕۆژئاوا، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ئیدارەی بەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەڕێوەبەرانی کەمپی هۆل ئامادەکاریی دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی بەشێکی تر لە بنەماڵە عێراقییەکانی سەر بە چەتەکانی داعش.

جێی ئاماژەیە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤وە ئەمە دووەم گرووپی بنەماڵە عێراقییەکانی سەر بە چەتەکانی داعشن کە لە کامپی هۆلەوە دەنێردرێنەوە بۆ عێراق. ئەم گرووپە نوێیە لە ٢٥٠ بنەماڵە واتە ٦٢٠ کەس پێکهاتوون بە سەرپەرشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بە ڕێککەوتنی نێوان ئیدارەی بەڕێوەبەریی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و حکومەتی عێراق جێبەجێ دەکرێت.

ڕۆژی ٩ـی ئاداری ئەمساڵ، یەکەم گرووپی بنەماڵە عێراقییەکان کە لە لە ١٥٩ بنەماڵە ، واتە ٦٢٢ کەس پێکهاتبوون ، ڕەوانەی عێراق کرانەوە.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کەمپی هۆڵ، لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢١وە تا کۆتایی مانگی ئاداری ٢٠٢٤ نزیکەی دوو هەزار بنەماڵەی عێراقی لە کەمپی هۆلەوە نێردراونەتەوە بۆ عێراق.

بە پێی ئامارەکان شەش هەزار و ٤٠٠ بنەماڵەی عێراقی کە دەکاتە نزیکەی ٢٢ هەزار کەس سەر بە چەتەکانی داعش، هێشتا لە کەمپی هۆڵن و زۆربەیان منداڵن و تەمەنیان لەنێوان ساڵێک بۆ ١٧ ساڵدایە.