لە مانگەدا دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ٣٥ کەسی لە عەفرین رفاندووە

دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بەردەوامن لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە عەفرینی داگیرکراو و لە سەرەتای ئەم مانگەوە لانیکەم ٣٥ کەس لەو شارە و ناوچەکانی دەوروبەری رفێندراون.

لە چوارچێوەى ئەو سیاسەتە دڕندانەییەی لە دژی دانیشتووانی ناوچەکە، بە تایبەت لە عەفرینی داگیرکراو دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی ئەنجامى دەدەن لە ١ـی ئادار تا ٢٧ـی ئەم مانگە، ٣٥ هاوڵاتییان ڕفاندووە.

ئاژانسی هەواڵی هاوار، ناو، شوێن و کاتی ئەو ڕفاندنانەی بڵاوکردەوە، کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە سنووری عەفرینی داگیرکراو لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕفاندوویانن.

ناو، کات و شوێنی ئەو کەسانەی ڕفێندراون بەم شێوەیەیە:

١ـی ئادار، چەتەکانی سوپای نیشتیمانی (پۆلیسی مەدەنی) سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە گوندی بیباکا لە ناوچەی بلبلێ، سێ کەسیان بە ناوەکانی زیاد شەرەف (٤٩ساڵ)، عەبدولرەحمان شەرەف (٦٢ساڵ) و سالان دلۆ (٥٨ساڵ) رفاندووە.

هەروەها چەتەکانی سوپای نیشتیمانی (پۆلیسی مەدەنی)، کەسێکیان بە ناوی کامەران دیبۆر (٤٤ساڵ) لە گوندی حەج حەسنە لە ناوچەی جندرێس ڕفاندووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستیانەوە.

لە ٢ـی ئادار، چەتەکانی سوپای نیشتیمانی (پۆلیسی سەربازیی) هەڵیانکوتایە سەر گوندی ئەمارای ناوچەی مابەتای و بە بێ هیچ هۆکارێک پشکنینی ماڵەکانیان کرد، هەروەها سێ ئەندامی خێزانێکیان ڕفاند، ناوەکانیان بەم شێوەیەیە: ڕۆزەلین کەمال موراد و هاوژینەکەی بە ناوی فەتحی عەبدولڕەحمان محەمەد (٧٠ساڵ)، شێرزاد فەتحی محەمەد، کوری خێزانەکە.

لە ٢ـی ئادار چەتەکانی سوپای نیشتیمانی (پۆلیسی سەربازیی) لە ناوچەی جندرێس هەریەک لە عومەر ڕەشۆ (٤٣ساڵ)، نیهاد حەسەن (٣٧ساڵ)، زیاد ڕەشید محەمەد (٤٨ساڵ) ڕفاند.

لە ٣ـی ئادار، چەتەکانی سوپای نیشتیمانی هەڵیانکوتایە سەر ناوچەی مابەتایی و هەریەک لە فەرهاد حەنیف لە گوندی قەنتەرێ، گیڤارا ئیبراهیم محەمەد، محەمەد عەلی حەمکێ حسێن و محەمەد ڕزوان مستەفا لە گوندی عەرەبا بۆ شوێنێکی نادیار ڕفێندران.

لە ٧ـی ئادار، چەتەکانی سوپای نیشتیمانی (پۆلیسی سەربازیی)، لە گوندی بادینای ناوچەی رەجۆی، کەسێكیان بەناوی ئەحمەد ئیبراهیم (٤٨ساڵ)، هەروەها لە گوندی یەڵانقووزی سنووری جندرێس، کەسێکی دیکەیان بەناوی ڕێزان شێخ محەمەد (٣٦ساڵ) بۆ شوێنێکی نادیار ڕفاند.

لە ٨ـی ئادار، چەتەکانی فیرقەی نەهانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، زیاتر لە ١٣ کەسیان ڕفاند، چونکە ئامادە نەبوون باج بدەن بە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک، لە نزیکی دەرگای سنووری جەرابلوس.

لە ١٩ـی ئادار، چەتەکانى دەوڵەتی داگیرکەری تورک، کەسێکیان بە ناوی محەمەد ئیسماعیل (٤١ساڵ) لەناو ماڵەکەی خۆیدا لە نزیک نەخۆشخانەی دێرسیم لە عەفرین ڕفاند.

لە ٢٠ـی ئادار، چەتەکان هاوڵاتییەکیان بە ناوی مستەفا ڕەشید لە گوندی تلتاویل و گەنجێك بەناوی حسێن ئەلنەسیری (٢٢ساڵ) لە ناوچەی جندرێس ڕفاند.

لە ٢٣ـی ئادار، سوپای دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانیان کەسێکیان بە ناوی محەمەد حەسەن لە گوندی مەزن لە ناوچەی شێراوا لەناو ماڵەکەی خۆیدا ڕفاند.

لە ٢٦ـی ئادار، چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، کەسێکیان بە ناوی شێخ ئیسماعیل (٥٥ساڵ) لە گوندی کاخرەی ناوچەی مابەتای ڕفاند.

لە ٢٧ـی ئادار، هەواڵگریی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە گوندی سێمالکای ناوچەی مابەتای، کەسێكیان بە ناوی فاروق محەمەد جەمیل شێخۆ (٤٩ساڵ) ڕفاند.

هـ . ب