لە شەهبا ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین شەرمەزارکرا

مەجلیسی کانتۆنی عەفرین و شەهبا بە بەشداری هەزاران کۆچبەر و دانیشتووانی شەهبا بۆ شەرمەزارکردنی ٦ هەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین ڕێپێوانیان کرد.

لە ٦ هەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانییەوە، مەجلیسی کانتۆنی عەفرین و شەهبا بە بەشداری هەزاران کۆچبەر و دانیشتووی شەهبا ڕێپێوانی ڕێکخست.

لە ڕێپێوانەکەدا وێنەی شەهیدان و قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەرزکرایەوە.

لە بەردەم باخچەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوانەکە گۆڕا بۆ گردبوونەوە.

ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی عەفرین و شەهبا، خەدیجە عەبۆ گوتی: "دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە و میساقی میللی جێبەجێ بکات".

خەدیجە ڕایگەیاند بەردەوامی بەخۆدانی ٦ ساڵەی کۆچبەرانی عەفرین لە شەهبا، ڕزگاری عەفرین مسۆگەر دەکات. بانگەوازی بەهێزکردنی تێکۆشانی کرد.

هاوسەرۆکی مەجلیسی ناوچەی ئەحداس، فەوزی مستەفا ڕایگەیاند هێزە نێونەتەوەییەکان بەرپرسن لە تاوانەکان و گوتی: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەبەرچاوی جیهان و ئەنجوومەنی ئاسایش تاوان دەکات".

فەوزی مستەفا ڕایگەیاند درێژە بە بەرخۆدان دەدەن تا ڕزگاری عەفرین و تەواوی خاکی سوریا.