'پێنج کەمپی کانتۆنی عەفرین- شەهبا لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان گرنگیان پێنادرێت'

پێویستی پێنج کەمپ لە کانتۆنەکانی عەفرین و شەهبا کە بە هەزاران کەسی تێدا دەژین، لەلایەن ئیدارەی خۆسەرەوە دابین دەکرێت. رێکخراوە فریاگوزارییە نێودەوڵەتیەکان لەبەرامبەر بارودۆخی سەختی گەلدا گرنگیان پێنادرێت.

لە ساڵی ٢٠١٨ـــەوە کۆچبەرانی عەفرین بە شێوەیەکی سەرەکی لە پێنج کەمپ لە کانتۆنی شەهبای عەفرین جێگیر کراون. لە کەمپی بەرخۆدان ٧٠٢ خێزان واتە ٢٧٧٢ کەس دەژین، لە کەمپی سەردەم ٩٠٤ خێزان، واتە ٣٧٧٤ کەس دەژین، ١٢٢ خێزان، ٤٩٨ کەس لە کەمپی عەفرین، ١٤٥ خێزان، ٥٨٤ کەس لە کەمپی گەڕانەوە، ١٠٤ خێزان واتە ٤٦٦ کەس لەکەمپی شەهبا دەژین. ناوەندی مانگی سوور، ٢ پارک و بازاڕ، کتێبخانە و قوتابخانەیەکی سەرەتایی، قوتابخانەی ناوەندی بۆ خوێندکارانی ئامادەیی لە کەمپی بەرخۆدان دروستکراوە. لەو قوتابخانانەدا هەم کەسانی ناو کەمپەکە و هەم ئەوانەی لە گوند و قەزاکانی دەوروبەری بەشداری پەروەردە دەبن. لە کەمپی سەردەمیش هەر بەو شێوە ٢ پارک و ناوەندی مانگی سوور، کتێبخانە و بازاڕ، قوتابخانەیەک بۆ خوێندکارانی قۆناغی سەرەتایی دانراوە.

لە کەمپەکان سەرجەم ڕێکخراوەکانی کانتۆنی عەفرین و شەهبا بارەگاکانیان هەیە. هەروەها کەمپەکان لە ڕێگەی سیستەمی کۆمۆن و ئەنجومەنەوە خۆیان بەڕێوە دەبەن.

هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی کانتۆنی عەفرین وشەهبا، مستەفا حەسەن باسی لە سەختی و سەختییەکانی ناو کەمپەکان کرد.

مستەفا حەسەن وتی: "لە ساڵی ٢٠١٨ دوای ئەوەی دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر عەفرین و خەڵکەکەی ناچار بوون ڕوو لە شەهبا بکەن، ٥ کەمپیان دروستکرد و لەوێ نیشتەجێ کران، گەلەکەمان لە چوڵەوانی لە دۆخێکی زۆر زەحمەتدا دەژیا، هەلومەرجی جوگرافیای شەهبا لە لایەک هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەلایەک بەردەوام بوو، ئێمە کۆمۆن و ئەنجومەنەکانمان بۆ کەمپەکان دروست کرد ژمارەی خێزانەکان دیاری کرا و هەوڵمان دا بەپێی دانیشتووان پێویستیەکان دابین بکەین."

بەرخۆدان لە دژی هێرش و گەمارۆەکان

مستەفا حسن ڕایگەیاند کە بە دوو شێوە بارودۆخی کەمپەکانیان هەڵسەنگاندووە و وتی: "ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ ئەو پێنج کەمپەی ئێستا بکەین بە بەراورد لەگەڵ کەمپەکانی دیکە، ڕێکخستنی کەمپەکانمان زۆر بەهێزە. ئەگەر خەڵک لە ڕوانگەی دابینکردنی پێداویستی ڕۆژانە هەڵسەنگێندرێت، کانتۆنەکە ڕووبەرێکی فراوانی نییە، هەلی کار کەمن ئێمە بەدیلێکی جیاوازمان نییە جگە لە پشتیوانی بەڕێوەبەری خۆسەر، جیا لە بەڕێوەبەری خۆسەر هیچ ناوەندێکی دیکە پشتگیریمان ناکات، هەندێ وڵاتپارێز بە پێی پێویست و دەرفەت یارمەتیمان دەدەن، بەڵام بەگشتی ئەم هاوکاریانە وڵامدەری پێویستیەکانی گەل نییە.

پێویستە هەلی کار پێشکەش بە گەل بکەین. کانتۆنەکە ناوچەیەکی گونجاوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی نوێ، بەڵام بەهۆی گەمارۆوە ناتوانین پەیوەندی لەگەڵ کانتۆنەکانی دیکەدا بکەین. بەهۆی گەمارۆوە ئامرازی پێویستمان نییە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان. لە زستانی ساڵی ٢٠٢٣ بەدواوە ڕێگە بە گەیشتنی گازۆیل نادرێت. گازۆیل سەرچاوەیەکی گرنگی وزەیە بۆ کانتۆنەکە. دەیانەوێت بەم بەربەستانە گەلی ناو کەمپەکە ڕووبەڕووی برسیەتی، تەندروستی و کێشەکانی دیکە ببنەوە.

لە سەردەمێکدا کە قەیرانی ئاو هەبوو، یونیسێف ئاوەکەی بڕی

مستەفا حەسەن سەرنجی بۆ پرسی ئاسایش، ئاو، کارەبا و پاکوخاوێنی لە کەمپەکاندا ڕاکێشا و جەختی لە هێرش و گەمارۆ کردەوە، سیستەمی ئاسایشی ناوخۆی ئێمە زۆر بەهێزە، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر دەوروبەری کەمپەکان، لەبەر ئەوەی کەمپەکە بە سیستەمی خێمە دروستکراوە، سەلامەتی ژیانی گەلەکەمان لە مەترسیدایە. لە ئەنجامی هێرشەکاندا پارچە تۆپەکان بەر گەلەکەمان دەکەون، هیچ دەرفەتێکی گونجاو نییە بۆ دابینکردنی کارەبای زیاتر بۆ کەمپەکان.

یونیسێف ئاوی بۆ کەمپەکان دابین کرد. بەڵام پارەی وەک بیانوو بەکارهێنا و دابەشکردنی ئاوی بەسەر گەلدا ڕاگرت. پێویستی ئاوی کانتۆنەکە لە ڕێگەی بیرەکانەوە ئێستا دابین دەکرێت و لە ڕێگەی تانکەرەوە بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرێت. بڕیارەکەی یونیسێف وایکرد دانیشتوانی کەمپەکان زیاتر بکەونە زەحمەتیەوە، کۆبوونەوەمان ئەنجامدا، بەڵام سەرەڕای ئەمەش پێویستی ئاو چارەسەر نەکراوە.کەمی ئاو کێشەی پاکوخاوێنی لێدەکەوێتەوە، دەبێتە هۆی نەخۆشی و پێویستی بە دەرمانی زیاتر دەبێت کە دابین کردنی دەرمان بۆ کەمپەکە پرسێکی جدییە.

مستەفا حەسەن داوای لە ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان پەیوەندیدار بە کۆچبەرانەوە کرد و ڕایگەیاند، پێویستە خاوەنداری لە گەلی عەفرین بکەن، کە خاکەکەی داگیرکراوە. ئەو دامەزراوانەی بانگەشەی هاوکاری کۆچبەران دەکەن، پێویستە پشتیوانی گەلی عەفرین بن لە شەهبا، گەلی عەفرین هەتا ڕزگار کردنی خاکەکەیان لە ژێر خەیمەکاندا دەمێنەوە ئێمە شەڕ و تێکۆشان دەکەین بۆ ڕزگارکردنی خاکەکەمان گرنگ نییە شەرت ومەرجەکان چی دەبێت."