'ساکینە میراتی ژنی ئازادە'

ئەندامی کۆردناسیۆنی کۆنگرە ستاری کانتۆنی فورات، پەیمان عەلوش، دەستنیشانیکرد، دەبێت گەلی کورد لەدژی کۆمەڵکوژیەکانی پاریس لە هەر چوار پارچەی کوردستان و سەرانسەری جیهان ئاستی تێکۆشان و بەرخۆدانی زیاتربکات.

٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ ژنانی شۆڕشگێری ساکینە جانسز (سارا)، فیدان دۆغان (رۆژبین) و لەیلا شایەڵمەز (روناهی) لە لایەن هەواڵگری دەوڵەتی تورکەوە کوژران.

ئەندامی کۆردناسیۆنی کۆنگرە ستاری کانتۆنی فورات، پەیمان عەلوش پەیوەست بە کۆمەڵکوژییەکانی پاریس بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، قسەیکرد و ئەوەی خستەڕوو، کە هێڵی ژنی تێکۆشەر هەر بەردەوام بێت.

پەیمان باسی ئەوەیکرد، گوایە  فرەنسا وەک دەوڵەتێکی دیموکراتیک و دادپەروەر دەناسرێتەوە، بەڵام کۆمەڵکوژی بە دوای کۆمەڵکوژیدا لە دژی ژنی ئازاد و شۆڕشگێڕ لەو وڵاتەدا ئەنجام دەدرێت و وتی: " ئەم کۆمەڵکوژیە لە دژی سێ ژنی قارەمان و شۆڕشگێڕ کە نوێنەرایەتی ژنی ئازادیان دەکرد، بەردەوامیدانە بەو پیلانگێڕییە نێونەتەوەییە کە لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان جێبەجێکرا. میت دەیەوێت پێشەنگانی ئەم شۆڕشە بکاتە ئامانج. بە بەئامانجگرتنی ساکینە جانسز، دەیانویست ئەم بزوتنەوەیە لەناو ببەن. داوی ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ بەدیلگیرا، وتیان ئیتر ئەمە کۆتایی کوردانە، بەڵام دوای ئەوە بە هەزاران کورد لەدژی مردن وەستانەوە و لە سەر ڕێبازی فکر و فەلسەفەی ڕێپەر ئاپۆ بەردەوام بوون، ئێمە گەریلای گەلین و گەلیش گەریلایە. بەم ڕۆحێتەوە بەرخۆدان و تێکۆشان دەستیپێکرد".

'دوێنێ ساکینە و ئەمڕۆ ئەڤین'

پەیمان دەستنیشانی کرد کە کۆمەڵکوژی لەداوی کۆمەڵکوژی لە پاریس ڕودەدات، دوێنێ ساکینە و هاوڕێکانی و ئەمڕۆ ئەڤین و هاوڕێکانی و ئەمەی وت: " هەرشتێک کە میت پلانی بۆ داڕشتبێت پێچەوانەکەی دەرچووە. بەڵام بە ئامانجگرتنی ساکینە کە هەزاران ژنی پەروەردەکرد و بەرامبەر بە فاشیزم ڕاپەڕین. ساکینە لە کتێبەکەیدا دەڵێت ژیانی من هەمووی هەر شەڕبوو. لەدەرەوەی وڵات و هەرچوار پارچەی کوردستان بە هەزاران ژن خاوەندراێتی لە ساکینە دەکەن. وەک یەژا ستار و یەپەژە کە بوونەتە نمونەی ژنانی ئازادی هێڵی ساکینە".

پەیمان بەردەوامی بەقسەکانی داو وتی: " نە فەرەنسا و نە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەم کۆمەڵکوژییە دەنگ هەڵناگرن و بکوژ ئاشکرا ناکەن. ئەوەش لەبەر بەرژەوەندی خۆیانە، حکومەتی فەرەنسا گوایە بە دیموکراتیکی و یەکسانی دەناسرێتەوە، بەڵام لە پشتی ئەمەوە ژیانێکی تر هەیە، کە کۆمەڵکوژی تێدا ئەنجام دەدرێت".

پەیمان لە کۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند، کە گەلی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان و سەرتاسەری جیهان ئاستی تێکۆشان و بڕوای خۆی پەرەپێدەدات و وتی، "دەبێت ئێمە خاوەنداری لە هزر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ بکەین و لەسەر ئەو بنەمایە خاوەندی لە سەکینە بکەین. بەڵێنمان بۆ هەڤاڵ سەکینە ئەوەیە کە تا سەر خاوەنداری لە میراتی ئەو بکەین و درێژە بە ئاستی بەرخودان بدەین".