'ئەردۆغان وەک تاوانباری جەنگ دەبێت دادگایی بکرێت و سزابدرێت'

ئیبراهیم شێخۆ و د. موختار خەباشی سەرنجیان بۆ سەر تاوانە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورک راکێشا لە ژێرخانی باکوور-رۆژهەڵاتی سوریاوە ئەنجامیان دەدات و ئەوەیان خستەڕوو، کە دەبێت لەپێناو دادگاییکردنی ئەردۆغان لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی هەوڵەکان چڕبکرێنەوە.

تاوانە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی خەڵکی مەدەنی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامن. ژێرخانی هەرێمەکە بەبەرچاوی کۆمەڵکای نێونەتەوەیی بۆردومان دەکرێت.

سەرۆکی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین ئیبراهیم شێخۆ بە بیری هێنایەوە کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر وێستگەکانی کارەبا و پاڵاوگە و وێستگەکانی نەوت لە باکور- رۆژهەڵاتی سوریا دەکات.

ئیبراهیم شێخۆ ئەوەی خستەڕوو کە دەبێت دەوڵەتی تورک بە هۆی بۆردومانی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاری هەرێمەکەوە دادگایی بکرێت و سزا بدرێت، چونکە بە گوێرەی یاساکانی رۆما ئەوانە تاوانی جەنگن.

ئیبراهیم شێخۆ ئەوەشی خستەڕوو، کە بەرژەوەندی دەوڵەتان، هەروەها ئەندامێتی تورکیا لە ناتۆ بەربەستە لەبەردەم دادگاییکردنی دەوڵەتی تورک بەهۆی ئەو تاوانە جەنگیانەوە و وتی، "بەر لە ئێستا پزیشکێکی کورد سکاڵای لەسەر ئەردۆغان تۆمار کردبوو. ئەو سکاڵایە لەبەر چەند هۆکارێک رەتکرابووەوە. هەم لەبەر پارێزبەندی دیپلۆماتیکی ئەردۆغان، هەمیش لەبەر پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەڵمانیا".

جێگری سەرۆکی ناوەندی عەرەبی بۆ توێژینەوەی سیاسی و ستراتیکی د. موختار خەباشیش باسی لەوەکرد، کە لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێلکراون و وتی، "بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە هەندێک وڵات کە دان بە یاسا نێونەتەوەییەکاندا نانێن بوونیان هەیە، وەک ئیسرائیل کە لە غەززە بەو جۆرە یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات".

د. موختار خەباشی وتی، ئاڵۆزییەکانی جیهان دەرفەت بە تورکیا دەدەن کە هێرش بکاتە سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و بەم جۆرە بەردەوام بوو؛ "ئەوە دۆخێکی نوێ نییە و بەهۆی شەڕی غەززەوە، کە سەرنجەکان بۆ سەر ئەوێ راکێشراون، تورکیاش وەک هەلێک ئەوەی قۆستووەتەوە تاکوو هێرشی زیاتر ئەنجام بدات. هەروەها واشنتۆن و مۆسکۆ لە دۆخێکدان کە نایانەوێت تورکیا لەوان دووربکەوێتەوە. لەلایەکی دیکەوە؛ ئێران و روسیا و تورکیا سێ لایەن کە زیاتر لە هەمووان لە دۆسیەی سوریادا رۆڵ دەگێڕن".

جێگری سەرۆکی ناوەندی عەرەبی بۆ تێوێژینەوەی سیاسی و ستراتیژیک ئەوەشی خستەڕوو کە دەبێت دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و دیوانی دادی نێونەتەوەیی، بەهۆی تاوانەکانی جەنگ لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، ئەردۆغان دادگایی بکەن.

د. موختار خەباشی راشیگەیاند: "ئێمە سکاڵاکەی ئەفریقای باشوورمان لەسەر ئیسرائیل بینی کە بە جینۆساید تۆمەتباری کردبوو، بۆیە دەبێت تاوانەکانی دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی بەرفراوان بە بەڵگەوە تۆمار بکرێن، تاکوو لەلایەن دادگا نێونەتەوەییەکانەوە قەبولبکرێن".

هـ . ب