دەوڵەتی تورک دوو ڕۆژنامەوانی شەهید کرد

لە دەرنجامی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەردوو ڕۆژنامەوانی ڕاگەیاندنی ئازاد، جیهان بیلگین و نازم داشتان شەهید بوون.

تیرۆرکردنی ڕۆژنامەوان

هێرش و داگیرکاریی دەوڵەتی تورک لەسەر هەرێمەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و دەستکەوتەکانی گەلی کورد بەردەوامن، سوپای داگیرکەری تورک لە هەمان چوارچێوەدا دوێنێ دوو ڕۆژنامەوانی شەهید کرد کە بەرخۆدانی خەڵکی ناوچەکە، شەڕڤانانی قەسەدە و هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان بۆ ڕای گشتی دەگواستەوە.

پەیامنێری ئاژانسی ئانها جیهان بیلگین و ڕۆژنامەوانی ڕاگەیاندنی ئازاد نازم داشتان کە لە ٨ـی کانوونی یەکەمەوە لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و گرووپە چەتەکانیان و بەرخۆدانی دژی ئەوانیان دەگواستەوە، بوونە ئامانجی هێرشی فڕۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک.

ڕۆژنامەوانان جیهان بیلگین و نازم داشتان دوێنێ (١٩ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤) لە کاتێکدا سەرقاڵی کاری ڕۆژنامەوانی بوون، لە کاتژمێر ١٥:٢٠ دا لەسەر ڕێگای نێوان بەنداوی تشرین و شارۆچکەی سرین، ئۆتۆمبێلەکەیان لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکەوە بۆردوومان کرا.

لە ئەنجامی هێرشەکەدا هەردوو ڕۆژنامەوانەکە شەهید بوون و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە عەزیز حاج بۆزان بریندار بوو.