هاوپەیمانی نەدا: ئەزموونی خۆبەڕێوەری دەرچەی ڕزگاریی و ئیلهامی ژنانە
هاوپەیمانی نەدا لە دژی هێرش و داگیركەرییەكانی دەوڵەتی تورک لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان و باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ناڕەزایەتی دەربڕی و داوایکرد پشتگیری بکرێت لە شۆڕشی ژنان.
هاوپەیمانی نەدا لە دژی هێرش و داگیركەرییەكانی دەوڵەتی تورک لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان و باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ناڕەزایەتی دەربڕی و داوایکرد پشتگیری بکرێت لە شۆڕشی ژنان.
دژی هێرشەكانی دەوڵەتی تورك بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان، هاوپەیمانی نەدا بڵاوی كردەوە، داوا لە هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەكەین، كە پشتیوانی لە شۆرشی ژنان لە ناوچەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بكەن.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ئیدانەی هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك دەكەین، كە ئامانجی ئەوەیە لە ڕێگەیەوە ئەزموونی خۆبەڕێوەبری لە ناوببات، كە خۆبەڕێوەبەری دادپەروەریی بەرامبەر ژنان پەیڕەو كردووە، ئەمەش وایكرد ڕۆژئاوای ببێتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ هەموو ژنان لە ناوچەكە و جیهاندا.
ئاماژە بەشكراوە، ڕووداوەكانی ئەم دواییە كە لە بەشێك لە شارەكانی سووریا ڕوویانداوە، هێرشەكانی بۆسەر ناوچە جیاجیاكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای زیاد كردووە، كە چاوەڕوانی واقیعێكی كارەساتبار دەكرێت، خەریكە سیناریۆی ساڵی ٢٠١٨ دووبارە دەبێتەوە، كە بەهۆی هێرشی دەوڵەتی تورك و چەتەكانی لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی فورات دەیان خێزان ئاوارەبوون، ئەو كات كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگی هەڵبژارد و تەنانەت ئەو تاوانانەشی ئیدانە نەكرد، كە ژنان قوربانی یەكەمی ئەو تاوانانە بوون.
باس لەوەشكراوە، هەرێمەکان شاهیدی گەڕانەوەی گرووپە چەتەکان و پاشماوەكانی داعش بوون كە هەموویان لەلایەن توركیاوە پاڵپشتی كراون، ئەمەش گەلی خستە بەردەم ڕووبەڕووبوونەوەیەكی نوێ لەگەڵ پرۆژەیەكی تاوانكاریی و پیلانێكی توندڕەوانە، كە هەوڵدەدان ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی نەهێڵێت و بەم شێوەیە مافی پێكهاتەكان و كەمینەكان تێكبدات.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە بەرامبەر هەموو ئەو مەترسییانەی لەسەر شۆڕشی ژنان لە سەرتاسەری سووریا، بەتایبەتی لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هەیە، دووپاتیدەكەینەوە ئەزموونی خۆبەڕێوەبردن بە ڕزگاربوون لەو ستەمكاری و نادادپەروەرییە دادەنرێت، كە كورد و پێكهاتەكانی تری سووریا لە مێژە ئەزموونیان كردووە.
لە بەیاننامەكەدا داوای لە هەموو ڕێكخراو و بزووتنەوە و كەسایەتییەكانی ژنان كراوە، هاودەنگیی فێمینیستەكان بن بۆ پشتیوانی لە ژنانی ئەو ناوچەیە و بەهێزتریان بكەن، شۆڕشی ژنان لەوێ بپارێزن، هەروەها بیریان بخەنەوە كە ئەو پرسە یەكە و هاوبەشە، پێویستە فشار بخرێتە سەر توركیا بۆ كۆتاییهێنان بە دەستوەردانەكانی لە سووریا، وەك مەرجێكی بنەڕەتی بۆ دەستەبەركردنی داهاتوویەكی دڵنیا بۆ هەموو پێكهاتەكان بەتایبەتی ژنان.
لە بەیاننامەكەدا بانگەوازیی بۆ هەموو ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكانی مافی مرۆڤ كراوە، لە تەنیشت خەڵكی سووریا بوەستن لە دۆخی نالەباری ئێستادا، كە ئەگەر هێرشەكان زیاتربن، كاریگەری نەرێنی لەسەر ناوچەكە و بە گشتی دەبێت.