کوردۆ باکسی خەڵاتی 'ئازادیی ڕادەربڕینی دەیڤید ئیسحاق'ی وەرگرت

کوردۆ باکسی ڕۆژنامەنووس و نووسەری ناسراوی سوید خەڵاتی 'ئازادیی ڕادەربڕینی دەیڤید ئیسحاق"ی لەلایەن یانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی سویدەوە پێبەخشرا.

خەڵاتی ئازادی ڕادەربڕینی دەیڤید ئیسحاق ساڵانە دەبەخشرێتە ئەو کەسانە، کە بۆ ئازادیی ڕۆژنامەگەری، دەربڕین، دیموکراسی و ئازادی تێدەکۆشن. ئەمساڵ ئەو خەڵاتە بەخشرایە ڕۆژنامەنووس و نووسەر کوردۆ باکسی، خەڵاتەکە بەهای ١٠ هەزار کرۆنی سویدییە.

لیژنەی خەڵاتەکە ڕایانگەیاند: "کوردۆ باکسی دەیان ساڵە بۆ ئازادیی ڕادەربڕین و مافەکانی مرۆڤ وەک مەشخەڵێکی بێ ترس و بە بەهێزی تێکۆشاوە، بۆیە شایستەی پێبەخشینی ئەو خەڵاتە بوو".

کوردۆ باکسی لەبارەی ئەو خەڵاتەوە بە میدیاکانی سویدی ڕاگەیاند، پارەی خەڵاتەکە بۆ چالاکیی ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندانەکانی دژ بە ڕژێمی ئەردۆغان خەرج دەکات.

کوردۆ باکسی وتی: "لە لایەکەوە سوید بەهۆی تێکۆشانەکەمەوە خەڵاتی ئازادی ڕادەربڕینم پێدەبەخشێت و لە لایەکی دیکەشەوە لایەنگرانی ڕژێم و ئەردۆغان من بەلایەنگری خۆبەخشی تیرۆر تۆمەتبار دەکەن. بەڕاستی جیهان دەزانێت، کە ڕژێمی ئەردۆغان خۆبەخشی ڕاستەقینەی تیرۆرە".

ژ.ت