لە کۆڵن بۆ زیندانیان چالاکی ئەنجامدرا

لە کۆڵن بە درووشمی "با زیندانیانی نەخۆش ئازاد بکرێن، ئازادی بۆ زیندانیانی دۆزی کۆبانێ" چالاکی ئەنجامدرا.

چالاکی دژی گۆشەگیری لە زیندانەکان

لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بە چالاکیەک تیشکخرایەسەر زیندانیانی نەخۆش و داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرا.

لە چالاکییەکەدا لەسەر ناوی پلاتفۆرمی دەنگی زیندانیان (تەسەپە) قسە کرا و ئاماژە بەوە کرا لە تورکیا زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ زیندانی نەخۆش هەن و ئازاد ناکرێن، هەندێکیشیان کاتێک ئازاد دەکرێن کە دەزانرێت نزیکی مردنن، پاش چەند هەفتە و مانگێک لە ئازادبوونیان گیان لەدەست دەدەن.

هەروەها تیشخرایەسەر گۆشەگیری و پچڕانی پەیوەندی زیندانیان بە ئامانجی نامۆکردنیان لە ناسنامە و کەسێتییان، دووپاتکرایەوە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چەند هێندە زیاترە.

هەروەها ئاماژەکرا بەوە لە دۆزی کۆبانێدا ٤٠٧ ساڵ سزای زیندانی سەپێنراوە و گوترا: "دۆزی کۆبانێ بۆ ئێمە بانگەوازی مەزنکردنی تێکۆشانی یەکگرتووە دژی فاشیزم".

هاوسەرۆکایەتی مەدکۆم ئاماژەی بەوە کرد گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سیاسەتی قڕکردن و پاکتاوە بۆ سەر چوار پارچەی کوردستان و تورکیا.

نوێنەری زۆرا ئاماژەی کرد بە هێرش و فشارەکانی سەر گەلی کورد و تەڤگەری ئازادیی کورد، هەروەها بەرخۆدانی کوردان بەرامبەر فشار و هێرشەکان، گوتی: "لە تورکیا و لە هەموو جێگەیەک شەڕ دژی فاشیزم ڕادەگەیەنین، بۆ ئازادکردنی خۆمان و ڕزگارکردنی هەموو مرۆڤایەتی لە کۆتوبەند".

چالاکییەکە بە درووشـمی "با زیندانیانی نەخۆش ئازاد بکرێن" و "ئازادی بۆ زیندانیانی سیاسی" و "ئازادی بۆ زیندانیانی کۆبانێ و گەزی و ١ ی ئایار" کۆتایی هات.