لە ئێران سزای لە سێدارەدان بەسەر سێ هاوڵاتی کورددا سەپێندرا
دادگای دەوڵەتی ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی سزای لە سێداردانی بەسەر سێ هاوڵاتی کوردی زیندانیکراودا سەپاند.
دادگای دەوڵەتی ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی سزای لە سێداردانی بەسەر سێ هاوڵاتی کوردی زیندانیکراودا سەپاند.
تۆڕی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە، سێ هاوڵاتی کورد لە لایەن دادگاکانی دەوڵەتی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا، دەشڵێن، ئەو هاوڵاتیانە بە تۆمەتی گواستنەوەی کەلوپەل بە مەبەستی کوشتنی موحسین فەخری زادە زانای ئەتۆمی ئێران سزادراون.
تۆڕی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە بارودۆخی سێ هاوڵاتی زیندانییکراوی کورد لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە بەمجۆرە زانیارییان خستوەتەڕوو.
لە هەواڵەکەدا هاتووە، سێ هاوڵاتی کورد بە ناوەکانی ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی خەڵکی گوندی دۆڵەگەرم له سەردەشت و ڕەسوڵ ئەحمەد محەمەد خەڵکی باشووری کوردستان لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ڕژێمی ئێرانەوە لە ورمێ سزای لە سێدارەدانیان بە سەردا سەپێنرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو سێ كەسە بە تۆمەتی 'سیخوڕیکردن' بۆ ئیسرائیل و گواستنەوەی کەلوپەل بە مەبەستی کوشتنی موحسین فەخری زادە زانای ئەتۆمی ئێران سزا دراون.
دەشڵێن، ئەم سێ هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیاندا بە مەبەستی وەرگرتنی 'دانپێدانانی زۆرەملێ' ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراون.
هاوكات، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣، ئیدریس ئالی، ئازاد شوجاعی و ڕەسوڵ ئەحمەد محەمەد لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکران و ڕەوانەی بەندیخانەی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری ورمێ کران.
جێگای ئاماژەیە، لە ٦ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەسغەر جەهانگیر وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری ئێران ڕایگەیاندبوو، سزای لەسێدارەدان بەسەر سێ تۆمەتباری بەشدار لە تیرۆرکردنی موحسین فەخری زادە زانای ئەتۆمی وڵاتەكەمان سەپێنرا، هەروەها هەشت کەس لەسەر ئەو كارە تیرۆرستیە دەستگیر کراون و هێشتا کەیسی بەشێك لەوانە یەکلایی نەکراوەتەوە.