لە تەبقە و منبج تەرمی شەهیدان بەخاک سپێردران

تەرمی شەڕڤانانی هێزەکانی ئەرکی خۆپاراستن، شەهید عەلی محەممەد ئەلعەساف لە تەبقە و تەرمی شەهید شەریف ئەل ئەحمەد لە منبج بەخاک سپێردران.

تەرمی شەهید عەلی محەممەد ئەلعەساف، شەڕڤانی هێزەکانی ئەرکی خۆپاراستن، کە ڕۆژی ٥ی تشرینی دووەم لە شارۆچکەی عەین عیسا شەهید بوو، لەلایەن گەلی کانتۆنی تەبقە بە مەراسیمێکی جەماوەری بەخاک سپێردرا.

گەلی کانتۆنی تەبقە، نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک، کۆمیتە و ئەنجومەنەکانی گرێدراوی، ئەنجوومەنی پارتی سوریای ئایندە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و مەجلیسی ژنانی زەنوبیەی کانتۆنەکە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمەکەدا کرد.

لە میانی مەراسیمەکەدا، ئەحمەد تەبقە، فەرماندەی هێزەکانی ئەرکی خۆپاراستنی هەرێمی فورات قسەی کرد و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی شەهید کرد و وتی: "بەڵێن دەدەین هەتا کۆتای لە پێناو خەونەکانی شەهیدان لە چوارچێوەی بیرۆکەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک و خوشک و برایەتی گەلان، تێکۆشانمان بەردەوام دەکەین."

پاشان ناسنامەی شەهید خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵە کرا.

منبج

هاوکات گەلی کانتۆنی منبج، ئەندامانی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی کانتۆنەکە، پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، مەجلیسی سەربازیی منبج و مەجلیسی سەربازی ژنان، هێزەکانی جەبهەت الئکراد، کۆنفیدراسیۆنی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵگای دیموکراتیک، کەسایەتی و سەرۆک هۆزەکان بەشدارییان لە مەراسیمی بەخاک سپاردنی تەرمی شەهید شەریف ئەلئەحمەد ئەندامی هێزەکانی ئەرکی خۆپاراستن کرد.

لە میانی مەراسیمەکەدا، عەزیزە ئەل حەسەن، ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان ڕایگەیاند: "وڵات بە فیداییانی گەلەکەی دەپارێزرێت."

هەروەها ڕوستەم جودی فەرماندەی هێزەکانی ئەرکی خۆپاراستن لە مەراسیمەکەدا سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی شەهید کرد و بەڵێنیدا هەتا کۆتایی درێژە بە ڕێبازی شەهید دەدەن."

پاشان ناسنامەی شەهید خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا.