شاندی ئیمراڵی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان کەوتنەڕێ

شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە پەرلەمانەوە کەوتنەڕێ.

ئەندامانی شاندی ئیمراڵی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر بۆ بینینی سەرۆکی گشتی ئاکەپە و سەرۆککۆمار تەیب ئەردۆغان، پێش بەڕێ کەوتن، لە پەرلەمان کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیان بەست.

ئۆندەر لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسان گوتی: "ئاستی ئێستەی پرۆسەکە بە بەڕێز سەرۆککۆمار ڕادەگەیەنین. لەم بارەیەوە ئاگاداری دەکەینەوە".

ئۆندەر گوتی: "سەبارەت بە پرۆسەکە ڕوانین و پێشنیارەکانی وی وەردەگرین. هەروەها پێشنیارەکانی خۆمان دەخەینەڕوو. لەو باوەڕەداین کە لە گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراتیک، هەم بۆ ئاشتی و هەم کارکردن لەم پێناوەدا، هەنگاوی خێرا و بەهێز بەردەوام دەبێت".

سەبارەت بە پرسیاری "ئایا ئەم کۆبوونەوەیە، کۆبوونەوەیەکی مێژووییە؟"، ئۆندەر گوتی: "شتی وەها گەورە ناڵێین. ئەمە بڕیاری گەلە. تا ئێستە بە ئیرادە و پێداگرییەکی مەزنەوە پرۆسەکەمان گەیاندووەتە ئەم ئاستە. هەمووان بۆ پاراستنی ئەم پرۆسەیە نزیک دەبنەوە. بۆیە سوپاسی هەمووان دەکەین".

پەروین بوڵدان ڕایگەیاند ئەم کۆبوونەوەیە گرنگە، چونکە یەکەمجارە سەرۆککۆمار بۆچوونی خۆی لەم بارەیەوە دەڵێت، گوتی: "بۆیە دەربارەی ئەو دیدارانەی تا ئێستە ئەنجاممان داوە، سەرۆککۆمار ئاگادار دەکەینەوە. بەهیواین بە خێری تورکیا بشکێتەوە و ببێتە مایەی ئاشتی"

کۆبوونەوەکە کاتژمێر ١٣:٣٠  دەستی پێ کرد.