بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئێران دەستی پێکرد

بانگەشەکان بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئێران کە بڕیارە لە یەکی ئادار بەڕێوە بچێت، دەستیپێکرد. تەنها شتێک کە لە هەڵبژاردنەکاندا نادیارە ڕێژەی بەشداریکردنە.

لە ئێران هەڵبژاردنی ٢٩٠ پەرلەمانتار بۆ ماوەی ٤ ساڵی داهاتوو لە ١ی ئادار بەڕێوە دەچێت.

لەهەمان ڕۆژدا دەنگ بۆ هەڵبژاردنی ٨٨ ئەندامی مەجلیسی پسپۆڕان بۆ ماوەی 8 ساڵ بەڕێوەدەچێت، کە بەرپرسیارن لە دانان و دوورخستنەوەی ڕێبەری ئیسلامی.

لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا ١٥ هەزار و ٢٠٠ کاندید دەکەونە کێبەرکێەوە. ئەمەش وەک ژمارەیەکی تۆمار پێناسە دەکرێت. بەپێی ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠، پێدەچێت ژمارەی کاندیدەکان دوو هێندە زیادتر بێت.

لە نێو کاندیدەکاندا هەزار و ٧١٣ ژن خۆیان تۆمار کردووە. لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٨١٩ ژن بەشدارییان کردبوو.

جێی ئاماژەیە ئەم هەڵبژاردنه یەکەم هەڵبژاردن دەبێت دوای کوشتنی ژنه گەنجی کورد ژینا ئەمینی له ئه یلولی٢٠٢٢ کە بووە هۆی ڕاپەڕینی سەرتاسەری. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هێزەکانی دەوڵەت لە کاتی ڕاپەڕینەکەدا زیاتر لە ٥٠٠ کەسیان کوشتووە و زیاتر لە ٢٢ هەزار کەسیشیان دەستگیرکردووە.

بەهۆی نەبوونی کێبڕکێی ڕاستەقینە لە نێوان پۆلی "ڕیفۆرم خواز" و "میانەڕەو"دا، پێشبینی دەکرێت ئەم هەڵبژاردنە لە نێوان کۆنەپەرستان و بناژۆخوازانی توندڕەودا بێت.

ئەوەی نادیارە ڕێژەی بەشداریکردنە. بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٠ لەسەدا ٤٢.٧ بووە، کە کەمترین ڕێژەی بەشداریکردنە لە ساڵی ١٩٧٩دا بووە. چاودێرانی سیاسی پێیانوایە ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوو بگاتە کەمترین ئاست لەماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا.