بابل؛ هێرشی ئاسمانی کرایە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی

لە باکووری پارێزگای بابلی عێراق هێرشی ئاسمانی کرایە سەر بنکەیەکی سەربازی هێزەکانی حەشدی شەعبی، ئەمریکاش رەتیدەکاتەوە لە پشت ئەو هێرشەوە بووبێت.

بەرەبەیانی رۆژی شەممە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە بنکەیەکی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە باشووری بەغدا بیسترا، بە وتەی دوو سەرچاوەی ئەمنی عێراقی کە قسەیان بۆ ئاژانسی رۆیتەرزکردووە، ئەو تەقینەوەیە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی فڕۆکەیەکی نەناسراو بووە.

باسیان لەوەشکردووە، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام زیانی زۆری مادی بەدواوە بووە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای راگەیاندووە، کە بەهۆی ئەو بۆردومانەوە کەسێک کوژراوە و هەشت کەسیش برینداربوون.

لەلایەکی دیکەوە حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە بنکەی کالسۆی هێزەکانیان لە باکووری بابل کراوەتە ئامانج و جگە لە زیانێکی زۆری مادی، چەند بریندارێکی لێکەوتووەتەوە.

ژمارەیەک لە میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبی ئەمریکایان بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار کردووە، بەڵام فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سێنتکۆم) ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە.

سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکدا کە لە رێگەی هەژمارەکانی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، "ئاگاداری ئەو راپۆرتانەین کە بانگەشەی ئەوە دەکەن ئەمریکا هێرشە ئاسمانیەکەی بەرەبەیانی شەممەی ئەنجامداوە. ئەو راپۆرتانە دوورن لە راستیەوە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ هیچ هێرشێکی ئاسمانی لە عێراق ئەنجام نەداوە".

هێرشەکە کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر دوای هێرشەکانی سەر چەند ناوچەیەکی ئێران دێت، کە ئیسرائیل بە ئەنجامدانیان تۆمەتبار دەکرێن.

حەشدی شەعبی لە ژمارەیەک گروپی سەربازی نزیک لە ئێران پێکهاتووە و لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار هێرشی هاوشێوە کراوەتە سەر بنکە و بارەگاکانیان.

هـ . ب