ئێران دەستی بەسەر کەشتییەکی ئیسرائیلدا گرت

هێزەکانی سوپای پاسداران لە گەرووی هورموز دەستیان بە سەر کەشتییەکی بارهەڵگردا گرت، کە ئاڵای پۆرتوگالی بەسەروەبوو، بەڵام دەوترێت خاوەنەکەی سەرمایەدارێکی ئیسرائیلییە.

دوابەدوای هێرشەکەی سەرەتای ئەم مانگەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کە بەهۆیە ١٦ کەس لەوانە ٧ ئەندام و فەرماندەی سوپای پاسداران کوژران، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی ئەگەری کاردانەوەی ئێران تادێت گرژی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.

لە نوێترین پێشهاتدا ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیتدپرێس بڵاویکردەوە کە ئێران لە گەرووی هۆرموز کەشتیەکی بارهەڵگری دەستبەسەردا گرتووە، کە ئاڵای پۆرتوگالی بەسەرەوە بووە.

دوابەدوای ئەو هەواڵە ئاژانسی فەرمی هەواڵی ئێران (ئیرنا) هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و بڵاویکردەوە، کە کەشتیەکە سەر بە ئیسرائیلەوە و خاوەنەکەی سەرمایەدارێکی ئیسرائیلیە بە ناوی ئەیال ئۆفێر.

کەشتی ئێم ئێس سی ئاریەس سەر بە کۆمپانیای زودیاک مریتایمە کە ئۆفیسەکەی لە لەندەنە.

رادیۆی سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی کردووەتە کە کەشتیەکە خاوەنداریەکەی بۆ ملیاردێرێکی ئیسرائیلی دەگەڕێتەوە.

وەک رێکخراوی بازرگانی دەریایی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، ئەو کەشتیە لە ٨٠ کیلۆمەتری باکوری رۆژهەڵاتی بەندەری فوجەیرەی ئیمارات لە دەریای عومان دەستیبەسەردا گیراوە.

میدیای فەرمی ئێران بڵاویکردووەتەوە کە هێزەکانی سوپای پاسداران لە رێگەی هەلیکۆپتەرەوە هێزیان ناردووەتە ناو کەشتیەکە و لەئێستادا کەشتیەکە بەرەو کەناراوەکانی ئێران دەبەن.

هـ . ب