لە ڕحا ٢ گەنجی دەم پارتی خرانە زیندان

ئەندامی مەجلیسی دەم پارتی موحسین ئایدغدو و عومەر کستاک، کە ٤ ڕۆژ پێش ئێستە لە هەڵکوتانەسەر ماڵاندا دەستبەسەرکران، خرانە زیندانەوە.

لە چوارچێوەی لێپرسینەوەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی کۆماری ڕحا، ٢ گەنج کە ڕۆژی پێنج شەممە لە هەڵکوتانەسەر ماڵان دەستبەسەرکران، خرانە زیندان.

گەنجەکان بە تۆمەتی "ئەندامێتی ڕێکخستن" دەستبەسەرکران و ڕەوانەی دادگا کران، موحسین ئایدغدو لەبەردەم دادگا درووشمی "سەرکەوتن بۆ گەلی کوردی بەرخۆدەرە"ی بەرزکردەوە، بەو هۆیەوە پۆلیسەکان لێیاندا.

گەنجەکان بۆ ماوەیەک و بەشێوەیەکی نایاسایی و بە کەلەپچەکراوی لە ڕاڕەوی دادگاکە ڕاگیران، پاشان لەسەر سکاڵای پارێزەران کەلەپچەکەیان لێ کرایەوە.

لە گەنجە دەستبەسەرکراوەکان، زۆزان پۆڵات و مەحمود چۆبان لەلایەن داواکاری گشتییەوە بە داخوازی چاودێری یاسایی ڕەوانەی دادگای سزای سوڵح کران، موحسین ئایدغدو و عومەر کستاک بە داخوازی زیندانیکردن ڕەوانەی دادگای سزای سوڵح کران. زۆزان پۆڵات و مەحمود چۆبان بە مەرجی چاودێری یاسایی ئازادکران، موحسین ئایدغدو و عومەر کستاک بە تۆمەتی "ئەندامێتی ڕێکخستن" خرانە زیندانەوە.

ئەو کەسانەی لەبەردەم دادگا کۆبوونەوە، بە درووشمی "بە بەرخۆدان سەردەکەوین" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" بڕیارەکەیان شەرمەزار کرد.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕحا، بەکر کاراکچلی ڕایگەیاند ئەم بڕیارە نایاساییانە بە سودی کەس نابێت، گوتی: "دەست لە سەرکوتکردنی جڤاک هەڵبگرن. گەل لە هەڵبژاردن وانەیەکی باشی پێ دان. ئێمە ئاڵاکەی هەڤاڵانمان موحسین و عومەر هەمیشە بەرز ڕادەگرین".