ئوردن خستنەخوارەوەی دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی راگەیاند

بە گوێرەی سەرچاوە ئەمنییە هەڕێمییەکان، فڕۆکە جەنگیەکانی ئوردن لە باکور و ناوەڕاستی ئەو وڵاتە بە دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە، کە بەرەو ئیسرائیل ئاراستە کرابوون.

درەنگانی شەوی رابردوو سوپای پاسداران رایگەیاند، لە دژی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق بە رێگەی دەیان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان وموشەکەوە تەلئەبیبی کردووەتە ئامانج.

کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل بڵاویکردەوە بەشێک لە موشەکەکانی ئێران لە سوریا و هەندێکیشیان لە ئوردن خراونەتە خوارەوە.

بە گوێرەی دوو سەرچاوەی ئەمنی هەرێمی، فڕۆکە جەنگیەکانی ئوردن لە ناوچەکانی باکور و ناوەڕاستی ئەو وڵاتە دەیان فڕۆکەی بێفرۆکەوانی ئێرانیان کە ئاراستەی ئیسرائیل کرابوون، خستووەتە خوارەوە.

ئوردن پێشتر رایگەیاندبوو، کە لە بەرزترین ئاستدا دۆخی لەناوکاوی راگەیاندووە و سیستمی راداری وڵاتەکەیان چاودێری جوڵەی ئەو درۆنانە دەکات کە ئاراستەی ئیسرائیل کراون.

بەپێی وتەی سەرچاوە فەرمیەکانی ئیسرائیل هێرشەکەی ئێران هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

دوابەدوای هێرشەکە چەندین وڵاتی ئەوروپی و ئەمریکا هێرشەکەیان شەرمەزار کرد.

لەئێستادا مەترسی ئەوە لە ئارادایە شەڕ و ئاڵۆزی نێوان ئێران و هاوپەیمانەکانی لەلایەک و ئیسرائیل و ئەمریکای پشتویانی لە لاکەیترەوە توندتر بێتەوە. میسر داوای کردووە، هەموو لایەنەکان بەو پەڕی دان بەخۆداگرتن و هەست کردن بە بەرپرسیارێتی بجوڵێنەوە.

پێشتر نوێنەری ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە رێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسەوە بڵاویکردبووەوە کە ئەوە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیلە و "دەبێت ئەمریکا خۆی لەو شەڕە بەدور بگرێت".

هـ . ب