هەشت پێگەی حوسییەکان لە یەمەن بۆردومان کران

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا ڕایانگەیاند کە هەشت ئامانجی حوسییەکانیان لە یەمەن بۆردومان کردووە.

لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا هاتووە: "لە هێرشەکانی ئەمڕۆدا، کۆگای ژێرزەمینیی و پێگەکانی چاودێری ئاسمانی و مووشەکی حوسییەکان بۆردومان کراون.

ئاژانسێکی هەواڵی سەر بە حوسییەکان بۆردومانەکەی پشت ڕاست کردەوە.

هاوکات لەگەڵ واشنتۆن و لەندەن "هاوپەیمانان"ی ئۆپەراسیۆنەکە، ئوسترالیا، بەحرەین، کەنەدا و هۆڵەنداش بەیاننامە هاوبەشەکەیان بڵاو کردەوە.

بەگوێرەی ئەم بەیاننامەیە، سوپای ئەمریکا و بەریتانیا کە لە سەرەتای مانگی یەکەوە بۆ دووەمجار ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن ئەنجامداوە، "هێرشی نوێ و پێویست و حیسابکراو"یان لە وەڵامی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر هاتوچۆی دەریایی کەشتیەکانی ئەمریکا ئەنجامداوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە "ئەم هێرشە بۆ لەناوبردنی چەکانەی حوسییەکان ئەنجامدراوە کە دژی ژیانی دەریاوانە بێتاوانەکان و دژی بازرگانی جیهانی بەکاردەهێنرێن".

حوسییەکان کە لە ئێرانەوە نزیکن و پشتیوانی حەماسی فەلەستین دەکەن لە شەڕی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل، بەرپرسیارێتی هێرشی ڕۆژی دووشەممەیان بۆ سەر کەشتییەکی جەنگی ئەمریکی لە کەناراوەکانی یەمەن لە ئەستۆ گرت.

حوسییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پشتیوانی فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە دەکەن و بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش دەکەنە سەر کەشتیەکان.