حوسییەکان بەرپرسیارێتی هێرشێکی دیکەیان لە ئەستۆ گرت

حوسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند کە لە کەنداوی عەدەن لە دژی کەشتییەکی بەریتانی هێرشیان ئەنجامداوە. هەروەها یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند کە لە دەریای سوور دەستیان بە'ئەرکی پاراستنی' کردووە.

یەحیا ساری وتەبێژی سەربازی حوسییەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە سەرهەڵدێرەکانی یەمەنی بە مووشەکی دەریایی کەشتییە بەریتانیەکەیان بە ناوی ڕوبیمار لە کەنداوی عەدەن کردووتە ئامانج.

کەشتییەکە لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیەوە بەرەو باکوور دەڕۆیشت و بڕیار بوو بگاتە شاری ڤارنا لە بولگاریا.

حوسییەکان بڵاویان کردووتەوە"مەجالیان داوە کارمەندانی کەشتییەکە بە سەلامەت دوور بکەونەوە".

وتەبێژی سەربازی حوسییەکان ڕایگەیاند کە کەشتییەکە "زیانێکی زۆر"ی بەرکەوتووە و ڕووبەڕووی نوقمبوون دەبێتەوە لە کەنداوی عەدەن.

حوسییەکان کە ناوچەیەکی بەرفراوانی یەمەنیان بەدەستەوەیە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم هێرشە بۆ پشتیوانی لە فەلەستینییەکان ئەنجام دەدرێت.

لەم نێوەندەدا سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بەهۆی هێرشی حوسییەکانەوە، یەکێتی ئەوروپا بە فەرمی ئەرکی پاراستنی هاتوچۆی دەریایی لە دەریای سوور لە ئەستۆ گرتووە.