خۆپیشاندەرێکی دیکە لە ئێران لە سێدارەدرا

یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە ئێران لە سێدارەدرا، بەم پێیەش تائێستا نۆ خۆپیشاندەری سەرهەڵدانەکە ئەو سزایەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.

ماڵپەڕی میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە سزای لەسێدارەدانی محەمەد قوبادلو یەکێک لە دەستبەسەرکاوانی خۆپیشاندانەکەی ساڵی ٢٠٢٢ لە زیندانی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێکراوە.

راشیگەیاندووە، قوبادلو بە تۆمەتی ئەوەی بە ئۆتۆمبێل کارمەندێکی پۆلیسی کوشتووە و پێنج پۆلیسی دیکەی بریندارکردووە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە و سزاکە لە دیوانی باڵا پشتڕاست کرابوەوە.

ئەمیر رەئیسیان پارێزەری محەمەد قوبادلو رایگەیاند، لەسێدارەدانی موەکیلەکەی نایاساییە، بەوپێیە لەم قۆناغەدا مافی تێهەڵچوونەوەی هەبووە.

بە وتەی بنەماڵەکەی و بە پشت بەستن بە راپۆرتی پزیشکی محەمەد قوبادلو نەخۆشی دەرونی هەبووە و ماوەیەکیش لە ژێر چارەسەری دەرونیدابووە، بەڵام دادگا هەموو ئەو بەڵگانەی پشتگوێ خستووە و سزای لەسێدارەدانی بە سەردا سەپاندووە.

رۆژی دووشەممە ٢٢ی کانوونی دووەم پارێزەر و بنەماڵەی قوبادلو لە ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکە ئاگادارکرابوونەوە و دوابەدوای ئەوەش چالاکوانان و رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ هەوڵەکانیان چڕکردبووەوە بۆ رێگری لە جێبەجێکردنی ئەو سزایە.

رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە چەند کاتژمێرێک بەر لە لەسێدارەدانی ئەو خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوە رایگەیاندبوو، " قوبادلو کە نەخۆشی دەرونی هەبووە و لە میانی خۆپیشاندانەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا دەستگیرکرابوو، لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانان کراوە".

لەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەی بە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی ناسراون و سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیان گرتەوە، زیاتر لە ٥٠٠ خۆپیشاندەر لە لایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە کوژران و بەهەزاران کەسی دیکەش دەستبەسەرکران، کە ژمارەیەکیان سزای قورسی زیندان و لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

پێشتر هەشت خۆپیشاندەری دیکە لە سێدارەدرابوون و مەترسی لەسێدارەدانی بەشێکی دیکە لە خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکان لە ئارادایە.

لەدوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ەوە رێژەی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان لە ئێران زیادی کردووە و لەو ساڵەدا ٥٨٢ کەس و لە ساڵی ٢٠٢٣شدا زیاتر لە ٧٠٠ کەس لەو وڵاتە لەسێدارەدراون.

بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە ماوەی ٢٢ رۆژی سەرەتای ئەمساڵ لانیکەم ٤٩ کەس لەو وڵاتە لەسێدارەدراون.

هـ . ب