لە ڕووسیا و قەزاخستان لافاو هەستا: زیاتر لە ٩٠ هەزار کەس گواسترانەوە

لە ڕووسیا و قەزاخستان لە ساڵانی ڕابردوودا خراپترین کارەساتی لافاو ڕوویداوە. بەهۆی هاتنی لافاوەو لە ماوەی دوو هەفتەدا زیاتر لە ٩٠ هەزار کەس گواسترانەوە.

ڕاگەیەندراوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، بارانبارینی بەخوڕ، توانەوەی بەفرەکان، شکانی شاخە سەهۆڵەکان، بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو لە ڕووبارەکان.

وەزارەتی ڕەوشی ئاوارتەی قەزاخستان ئەمڕۆ سێشەممە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "لە سەرەتای لافاوەکەوە ٨٦ هەزار کەس لەو شوێنە مەترسیەکان ڕزگارکراون وگواستراونەتەوە، لەو ژمارەیە ٢٩ هەزاریان منداڵن."

گواستراوەکان لە باکوور و ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە لەسەر سنووری ڕووسیا ئەنجامدراوە.

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، دەسەڵاتدارانی ڕووسیا ڕایگەیاند، شەش هەزار و ٥٠٠ کەس لە ئۆراڵ و سیبیریا گواستراونەتەوە و خانووی زیاتر لە ١٠ هەزار و ٥٥٠ کەسیش بە هۆی لافاوەو زیانیان بەرکەوتووە.

هەروەها لە 5 ناوچەی قەزاخستان لافاو بەردەوامە و زیاتر لە سێ هەزار و ٧٠٠ خانوو ژێر ئاو کەوتوون.

سەرۆک کۆمار قاسم جۆمەرت تۆکایەڤ بەهۆی ئامادەنەبوونی ناوەندەکانی فریاکەوتن بە توندی ڕەخنەی توندی لە دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی گرت و لافاوەکانی هەفتەی ڕابردووی بە "گەورەترین کارەساتی سروشتی لە ماوەی ٨٠ ساڵی ڕابردوودا" وەسف کرد.

لەو دیوی سنوورەوە، لە ڕووسیا، ناوچەی ئۆرنبۆرگ زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، ئاستی ڕووباری ئۆراڵ جارێکی دیکە بەرزبووەتەوە. سەرۆکی شارەوانی هۆشداری داوە لافاوەکە ڕۆژی چوارشەممە بەرزتر دەبێتەوە.