مەولەوی عەبدولحەمید: پرۆسەی دادگای تایبەت بە هەینی خوێناوی زاهیدان دەستیپێکرد

مەولەوی عەبدولحەمید کەسایەتی ناسراوی سوننەکانی ئێران و پێشنوێژی مزگەوتی مەکی زاهیدان رایگەیاند، پرۆسەی دادگای تایبەت بە "هەینی خوێناوی" ئەو شارە دەستیپێکردووە.

عەبدولحەمید ئیسماعلیزەهی (مەولەوی عەبدولحەمید) پێشنوێژی مزگەوتی مەکی لە زاهید لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە: "دادگای تاوانی هەینی خوێناوی زاهیدان دوای ماوەیەکی زۆر چاوەڕوانی و بە بانگهێشت کردنی ژمارەیەکی کەم لە کارمەندانی پۆلیس دەستیپێکردووە".

ئەو مامۆستا ئایینیەی سوننەکان لە درێژەدا رەخنەی لە شێوەی بەڕێوەچوونی دادگاکە گرتووە و نوسیویەتی، "بڕیاردەران و ئەنجامدەرانی تاوانەکە کە سەر بە سوپای پاسداران و بەسیج بوون، هەرگیز لێپێچینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە".

رۆژی ٣٠ ئەیلولی ٢٠٢٢، لە رۆژانی سەرەتای دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی ژمارەیەک لە نوێژخوێنان لە زاهیدان دوای نوێژی هەینی چوونە بەردەم بنکەیەکی پۆلیس بۆ ئەوەی لە دژی دەستدرێژی فەرماندەیەکی باڵای پۆلیس بۆ سەر کچێکی مێرمنداڵ ناڕەزایەتی دەرببڕن، بەڵام هێزەکانی ناو بنکەکە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد.

لەماوەی رابردوودا لیژنەی دۆزینەوەی راستیەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، لەو رۆژەدا کە بە هەینی خوێناوی ناسراوە ١٠٤ کەس کوژراون.

لە دژی ئەو کۆمەڵکوژیە و بۆ پشتیوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ هەموو رۆژانی هەینی لە زاهیدان و چەند شارێکی دیکەی پارێزگای سیستان و بەلوچستان خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو.

هـ . ب