راپەرینی 'ژن،ژیان،ئازادی' بەردەوامە

لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان راپەرینی 'ژن،ژیان،ئازادی' لە ٥٣مین رۆژدا بەردەوامە. رۆژی یەکشەممە لە زۆر شار لەنێوان چالاکوان و هێزەکانی دەوڵەتدا شەڕ روویدا.

لە ١٦ی ئەیلولەوە کە کچە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان ژینا ئەمینی ٢٢ ساڵ لەلایەن پۆلیسی بەناو ئەخلاقی تارانەوە کوژرا، بزووتنەوەی گەل بە شێوەیەکی بێوێنە دەستی بە راپەرین کردووە.

لە ساڵی ١٩٧٩ەوە کە شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەڵگیرسا، لەلایەن گەورەیی و فراوانیەوە، گرنگترین چالاکی ئەنجام دەدرێن.

لەگەڵ فشارێکی زۆری هێزەکانی دەوڵەتیش خۆپیشاندانەکان بەردەوامن. رۆژی یەکشەممە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و بە تایبەتی لە زانکۆکان چالاکی فراوان ئەنجامدران.

لە مەریوان ٣٥ کەس بریندار بوون

لە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هێزەکانی دەوڵەت تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد. بەپێی سەرچاوە هەرێمیەکان لانیکەم ٣٥ کەس بریندار بوون. دوای ئەوەی خوێندکارێکی مەریوان لە تاران لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا، خۆپیشاندان لەو شارە توندتر بوو. لە گرتە ڤیدیۆیەکاندا کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو دەکرێتەوە، دەبینرێت کە خەڵکی مەریوان بە بەرد هێرش دەکەنە سەر ناوەندە فەرمیەکان، رێگە دەگرن و دروشم لەدژی دەوڵەتی دەڵێنەوە. بەشەو دەوڵەت هێزێکی دیکەی ناردە شارەکە.

لە شارەکانی سنە، سەقز، کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکیەکان بەردەوام بوون، لە بۆکانیش بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' رێپێوانێک ئەنجامدرا.

لە سنە گەنجان بە شەو ئاگریان داگیرساند و رێگەی هاتوچۆیان داخست.

لە بەلوچستان کۆمەڵکوژیەکی نوێ

لە شاری زاهیدانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان گروپێک لە خوێندکارانی ژن بە دروشمی 'بمرێت دیکتاتۆر' رێپێوانیان ئەنجامدا.

لە شاری هاشی سەر بە زاهیدان دوای نوێژی هەینی، چالاکوانان و هێزەکانی دەوڵەت رووبەرووی یەکدی بوونەوە. بەپێی ئامارەکانی رێکخستنی مافەکانی مرۆڤ، ١٦ کەس کوژراون. رێکخستنی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، هێزەکانی رژێم لەسەر باڵەخانە و خانووەکان تەقەیان لە گەل کردووە و لانیکەم ١٠ کەس کوژراون. لە ٣٠ی ئەیلولەوە لانیکەم ١١٨ کەس لە زاهیدان کوژراون.

لە زانکۆکانی تاران، بۆشێهر و بابۆلیش خۆپیشاندان ئەنجامدران. خویندکارانی زانکۆی بابۆل باریەری نێوان خوێندکارانی کوڕ و کچیان لە کافتریای زانکۆ هەڵگرت.

بە سەدان کەس کوژراون

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند ژمارەی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا کوژراون، گەیشتووتە زیاتر لە ٣٠٤ کەس، کە ٤١ کەسیان منداڵ و ٢٤یان ژنن.

ئەوەشی ڕونکردوەتەوە تا ئێستا کوژراوان لە ٢٢ پارێزگای جیاوازەوە تۆمارکراون و زۆرترین حاڵەتی گیانلەدەستدان لە پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان، مازەندەران، تاران، سنە و گیلان بووە.

ئاشکراشیکردووە، زۆرێک لە بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەنیازن لە داهاتوودا سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردن و تۆقاندنی ناڕەزایەتیەکان سود وەربگرن.

گروپی موجاهیدەکانی گەل کە گروپێکی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانە رایگەیاند کە خۆپیشاندانەکان لە ١١٦ شار و شاروچکە بڵاوبوونەتەوە و نزیکەی ٥٣٠ کەس کوژراون. گروپەکە لیستی ناوی ٣٥٨ کەسی کوژراوی بڵاوکردەوە.

ف.ق