عێراق هۆشداری دەدات لە فراوانبوونی شەڕ لە تەواوی ناوچەکە

وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاوتا ئێرانییەكەی لە سعودییە كۆبووەوە و تاوتوێی بارودۆخی غەززە و مەترسییەكانی فراوانبوونی شەڕیان كرد، هەروەها فوئاد حسێن هۆشداریدا لە مەترسی فراوانبوونی شەڕ لە تەواوی ناوچەكە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بارەی كۆبوونەوەی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە جەدە، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئەمڕۆ فوئاد حسێن، لە پەراوێزی كۆبوونەوەی دەستەی كارگێڕی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ڕێكخراوی هاوكاری ئیسلامی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەكەی لە سعودییە كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا چەند پرسێكی هاوبەش و پەیوەست بە غەزە تاوتوێ كرا.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە كۆبووەكەدا وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لە هەوڵەكان بۆ ڕاگرتنی شەڕی سەر غەزە و گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بۆ كەرتی غەزە كرد، هەروەها هۆشداریدا لە فراوان بوونی مەترسییەكانی شەڕ لەسەر ئاسایشی ناوچەكە، دەبێت هەموو هەوڵەكان لەسەر وەستاندنی شەڕ و پاراستنی هاوڵاتدیانی مەدەنی چڕ بكرێتەوە.

دوێنێ كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ڕێكخراوی هاوكاری ئیسلامی بۆ تاوتوێكردنی دەستدرێژی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین لە بارەگای سكرتاریەتی گشتی ڕێكخراوەكە لە شاری جدەی سعودیە بەڕێوەچوو.