شەڕی غەززە لە رۆژی ١٠٧ەمیندایە: زیاتر لە ٢٥ هەزار کەس کوژراون

لە رۆژی ١٠٧ەمینی شەڕ لە کەرتی غەززە وەزارەتی تەندروتسی حەماس ئاماری نوێی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە لە هێرشەکاندا زیاتر لە ٢٥ هەزار کەس کوژراون.

بە گوێرەی ئامارەکانی تەندروستی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تائێستا ٢٥ هەزار و ١٠٥ فەلەستینی کە زۆرینەیان منداڵن کوژراون.

راگەیەندرا کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لانیکەم ١٧٨ کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون و لە ماوەی ١٠٧ رۆژدا ٦٥ هەزار و ٦٨١ کەس برینداربوون.

سوپای ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە جارێکی دیکە کەرتی غەززەی کردە ئامانج. سەرۆکوەزیران بنیامین ناتانیاهوش داواکاری و بانگەوازەکانی ئەمریکا، ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکانی بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی فەلەستینی رەتکردەوە.

بە گوێرەی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لەو ناوچە بەرتەسک و بچوکە گەمارۆدراوە، لە کۆی ٢.٤ ملیۆن کەس لە دانیشتوانەکەی لانیکەم ١.٧ ملیۆن کەس ئاوارە بوون. رێکخراوە نێونەتەوەییەکان هۆشداری دەدەن کە ئەو خەڵکەی لە هەموو خزمەتگوزاری و پێداویستیەک بێبەش کراوە، مەترسی بڵاوبوونەوەی پەتای جیاجیا و برسێتیان لەسەرە.

هـ . ب