بزووتنەوەى ژنانی کورد لە فەرەنسا: ئێمە بۆ 'ژن، ژیان، ئازادی' لەسەر شەقام دەبین

بزووتنەوەى ژنانی کورد لە فەرەنسا ڕایگەیاند، لە ٣٠ی ئەیلولدا بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' ڕێپێوانێکی جەماوەری لەگەڵ بزووتنەوەی ژنانی فەرەنسا و ئێران لە پاریس رێکدەخات و داوای بەشداربوونی لە هەموو ئازادیخوازانکرد.

 

بزووتنەوەی ژنانی کورد لە فەرەنسا (تەژەکە-ف / TJK-F) بۆ چالاکیی پشتیوانیکردن ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای بەشداریکردنی لە هەموان بڵاوکردەوە.

چالاکییەکە ڕۆژی هەینی کاتژمێر ١٨:٠٠ لە مەیدانی ریپابلیکی پاریس بەڕێوەدەبرێت و بە پێشەنگایەتیی دەستەى بەڕێوەبەریی نیشتمانیی ژنانی فەرەنسا و کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی ئێران و ماڵی ژنانی پاریس بەڕێوەدەبرێت.

بەناوی هەر چوار دەزگاوکەوە بانگەوازێک بڵاوکرایەوە و تیایدا هاتووە: "ئێمە وەک فێمینیستەکان بە دەنگی بەرز پشتگیری لە ژنانی ئێرانی دەکەین، کە لە چەندین شار لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.

ئیدانەی ڕژێمی دواکەوتووی ئێران دەکەین، کە بەتوندی هێرش دەکاتە سەر خۆپیشاندەران. ئازادی داپۆشینی سەری خۆت، ئازادی ڕادەربڕین، ئازادیی ژیان مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤن.

وەک هەموو شوێنێکی جیهان لە ئێرانیش قبوڵ ناکەین، کە شاردنەوە و داپۆشین بەسەر ژناندا بسەپێنرێت. نەک تەنیا خۆپیشاندانەکان، بەڵکو سڵاو لە ئازایەتی ئەو ژنانە دەکەین، کە قژیان دەبڕن و دیمەن بڵاو دەکەنەوە و داوای ئازادی دەکەن. ئێمە پشتگیری لەو خۆپیشاندانانە و خۆپیشاندەرانە دەکەین، کە ئەو ڕژێمە ئیدانەی دەکەن".

ئەو دامەزراوانە داوایان لە حکومەتی فەرەنسا کرد و وتیان: "داوا لە ماکرۆن دەکەین، کە کۆتایی بە بێدەنگیی خۆی بهێنێت و گوشار و زۆردارییەکانی ئێران ئیدانە بکات، بەڵام لە بەرامبەردا حکومەتی فەرەنسا لەپاریسی پایتەخت بەتوندی هێرشی کردە سەر خۆپیشاندەرانی بەردەم باڵیۆزخانەی ئێران".

بزوتنەوەکانی ژنان بۆ ئەوەی کۆتایی بە گوشارەکان لە ئێران بهێنن داوای بەهێزکردنی پشتیوانیی نێونەتەوەییان کرد و ڕایانگەیاند، "ئێمەی فێمینیستەکان ڕۆژی هەینی ٣٠ی ئەیلول کاتژمێر ١٨:٠٠ لە مەیدانی ریپابلیکی پاریس گردبونەوەیەک بۆ پشتگیریکردن لە بزووتنەوەی ڕاپەڕینی ژنان ڕێکدەخەین و داوای بەشداریکردینش لە هەموان دەکەین".

ژ.ت