گوڵان فەهیم: شۆڕشی ڕۆژهەڵات و ئێران بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی پرسی ژنان و کۆمەڵگایە - ١

گوڵان فەهیم، هاوسەرۆکی کۆدار باس لەوەدەکات، سەرهەڵدانی ڕۆژهەڵات و ئێران لەپێناو چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشە و پرسەکانی کۆمەڵگا و لە سەرووی هەموویانەوە پرسی ژنانە باس لەوەش دەکات ئەزمونی بزوتنەوەی ئاپۆیی میراسێکی گەورەیە بۆ ژنانی رۆژهەڵات و ئێران.

گوڵان فەهیم، هاوسەرۆکی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(کۆدار) لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ رۆژنیوزباسی لەوەکردووە، سەرهەڵدانی ئێستای ڕۆژهەڵات و ئێران لەپێناو چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشە و پرسەکانی کۆمەڵگا و لە سەرووی هەموویانەوە پرسی ژنانە، ده‌شڵێت: بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی كاریگەرییەكی قووڵی لەسەر گەلانی تر و ژنانی جیهان جێهێشتووە.

لەبەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا هاوسەرۆکی کۆدارئاماژەی بەوەکردووە، " ژنان بەرامبەر به پەراوێزخستن و سوكایەتی پێكردن به ئیراده و شوناسیان دەوەستنەوه. سیستمی ئێستا سیستمێكی ڕەگەزگەرا و دژه ژنه و هەر بۆیەش بەردەوام ڕووبەڕووی بەرخۆدان و تێكۆشانی ژنان دەبێتەوه. ڕاپەڕینی ئێستا لەپاڵ هۆكار و پاڵنەری ڕۆژانه و هەنوكەیی، هۆكاری مێژوویی و هزریشی هەیه".

گوڵان فەهیم لەبەشێک لە قسەکانیدا باسی لەوەکردووە، " چەندین ساڵە کە ڕێبەر ئاپۆ بە ئاراستەی دۆزینەوەی چارەسەری پرسی ژنان لە هەوڵ و تێکۆشانی بێ وچاندایە. ئەم بزوتنەوەیە بە ئاراستەی پەروەردە، ڕێکخستن و یەکێتی ژنان نەک هەر لە کوردستان، بەڵکو لە سەرتاسەری جیهان لە تێکۆشان و چالاکیدایە. ئەمەش بۆ ڕۆژهەڵات ئەزمون و میراسێکی گەورەیە. بزوتنەوەی ئاپۆیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ چەندین ساڵە کە لە سەر بنەمای فەلسەفەی ژن، ژیان ئازادی لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆ، تێکۆشانێکی شکۆدار بە ئەنجام دەگەیەنێت، کە ئامانجی ڕێکخستنی سەرجەم ژنانە بەرهەمی لەخۆبوردوویی هەزاران ڕێبوار و تێکۆشەری ڕێگەی ڕاستی و ئازادی وەک شەهید “شیرین عەلەم هولی”یە، کە بە وتنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە زیندانەکانی ڕژێم بەرەوپیری شەهیدبوون ڕۆیشت و بۆ ساتێکیش دڕدۆنگی و دوودڵی نەکرد. کەم نین ئەو ژنانەی کە لە زیندان شەهید شیرینیان ناسیوە و لە ژێر کاریگەری جیهانبینی و ئیرادەی ئەودا بزوتنەوەی ئاپۆییان ناسیوە".

دەقی گفتوگۆکە :

نزیكەی دوو مانگ بەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان له ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كه دژی كوژرانی ژینا ئەمینی و به دروشمی “ژن ژیان ئازادی” دەستیپێكرد، تێدەپەڕێت، ئێوه چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئەم دوخه دەكەن؟

'ڕژێمی ئێران بۆ بێ ئیرادەکردنی کۆمەڵگا، هەمیشه هەوڵیداوە ژنان لە گەوهەر و ڕاستی خۆیان دوربخاتەوە'

نزیکەی دوو مانگ بەسەر ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی بێ وچانی گەلان به پێشانگایه‌تی ژنان و گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تێدەپەڕێت، ئەو ڕاپەڕینه دژی عەقڵیەتی ناوەندگەرایی و ڕەگەزگەرایی دەستی پێکرد و ڕۆژ به ڕۆژ داواكارییەكانی گەلان واتادار تر دەبن. داواكاری و ئامانجی ژنان و گەلان پێش هەموو شتێك، ئازادی ژنان و له ئەنجامیشدا ئازادی كۆمەڵگایه. سیستمی داگیركەر و خۆسەپێنی حوكمڕانی ئێران، به پشتبەستن به شیعەگەرایی و خراپ بەكارهێنانی ئایین، هەوڵی بەدامەزراوەیی کردن و چەسپاندنی بناغه و كۆڵەكەكانی دەوڵەت –نەتەوه و دەسەڵاتەكەی دەدات. له ڕاستیدا هەوڵ دەدات له ڕێگەی شیعەگەرایی، حوكمڕانی و دەسەڵاتی بەسەر ژنان بەدامەزراوەیی بكات و شەرعیەتی پێ بدات و له ئاكامیشدا باڵادەستی و حۆكمڕانی خۆی بەسەر گەلان و كۆمەڵگادا گەرەنتی بكات. كردەوە و سیاسەتی ڕژێم بە جۆرێکە، کە گوایا کۆمەڵگا هۆشیاریی و یادەوەریی مێژوویی نییە، هەر بۆیە هەوڵ دەدات لە ژێر ناوی ئایین و شیعەگەرایی بەرگی دەوڵەت و دەسەڵاتخوازی بەبەر كۆمەڵگادا بکات. بەڵام دەبینین كۆمەڵگای ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوه و دژایەتی ئەو سیاسەت و عەقڵیەته ڕاپەڕیوە، چوونكه له نێو گەلانی ئێران كلتووری كۆمەڵگەی سروشتی و كۆمەڵایەتی بەهێزه و ڕیشەی داكوتاوه.له كۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران شوناس و پێگەی ژنان زۆر بەرجسته و دیاره و كاریگەری زۆری لەسەر كۆمەڵگا هەیه. ژنانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران به درێژایی مێژوو بەردەوام به هەڵوێستێكی پڕ له ئیراده و پشتبەستوو به گەوهەری سروشتی خۆیان پێشەنگایەتیان بۆ كۆمەڵگا كردووه. ڕژێمی ئێران بۆ ئەوەی بتوانێت كۆمەڵگایەكی بێ واتا و بێ ئیراده بنیات بنێت، هەمیشه له هەوڵی دورخستنەوەی ژنان له گەوهەر و ڕاستی خۆیان بووه. بەرخۆدان و تێكۆشانی ژنان له بەرامبەر عەقڵیەتی ڕەگەزگەرایی پەیوەست و تایبەت به سەردەمی دەسەڵاتی ڕەش و تاریكی ڕژێمی ئێستا نییه، بەڵكوو ئەوه پێداگری و بەرخۆدانێكه، كه مێژووییەكی به درێژایی دروستبوونی سیستمی پاشایەتی و هاتنەسەركاری حكومەته یەك لەدوای یەكەكان لەو وڵاتەدا هەیه.

'بزوتنەوەی ژن، ژیان ئازادی، كاریگەرییەكی قووڵی لەسەر گەلانی تر و ژنانی جیهان بەجێهێشت'

لەئێستادا جارێكی تر ژنان دژی سیاسەتی دژه ژن و دژه كۆمەڵگای ڕژێمی داگیركەری ئێران ڕاپەڕیون و دەسەڵاتدارانی كۆنەپەرست و تۆتالیتار ڕەتدەكەنەوه. نابێت ئامانجی تێكۆشانی ژنان تەنیا بۆ ئاستی هەڵوەشاندنەوەی حیجابی زۆره ملێ كەمبكرێتەوه، ناڕەزایەتی و تێكۆشانی ژنان دژی پشتگوێخستنی ئیراده و داواكارییەكانیانه. ژنان بەرامبەر به پەراوێزخستن و سوكایەتی پێكردن به ئیراده و شوناسیان دەوەستنەوه. سیستمی ئێستا سیستمێكی ڕەگەزگەرا و دژه ژنه و هەر بۆیەش بەردەوام ڕووبەڕووی بەرخۆدان و تێكۆشانی ژنان دەبێتەوه. ڕاپەڕینی ئێستا لەپاڵ هۆكار و پاڵنەری ڕۆژانه و هەنوكەیی، هۆكاری مێژوویی و هزریشی هەیه.

دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، كه بۆته دروشمی ئازادیخوازانی جیهان، ناوەڕۆك و واتای سەرەكی فەلسەفەی ژیانی ئازاده و ئەزمون، خەبات و تێكۆشانی ژنان ئەم ڕاستییەیی دەرخست. بەهۆی حوكمڕانی سیستمێكی كۆنەپەرەست و پیاوسالار بەسەر ئێراندا، ئەم ڕاپەڕینه لەسەر ئاستی جیهانیش پاڵپشتی و پشتیوانی هەره زۆری لێدەكرێت و ئەم تێكۆشانانه به ڕەوا و مافدار دادەنرێت.

دەستكەوتەكانی بزوتنەوەی ژن، ژیان ئازادی، كاریگەرییەكی قووڵی لەسەر گەلانی تر و ژنانی جیهان بەجێهێشت. ئەم بزووتنەوەیه بووه هۆی دروستبوونی تێڕوانینێكی جیاواز سەبارەت به ژنان له جیهاندا.ئەمه سەرەتایەكه بۆ شۆڕشی ئازادی ژنان. خواست و ئیرادەی ژنان بۆ سەركەوتنی ئەم بزوتنەوەیه و تێكۆشانەكان زۆر گەورەیه و لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتیش ڕەهەند و بواری زیاتر له‌ خۆ دەگرێت.

هاوکاری و پەیوەندی نێوان ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ژنانی ناوچەکانی دیکەی ئێران لە چ ئاستێکدایە؟ تا چ ڕادەیەک بزوتنەوەی ژنانی کوردستان، جیهانبینی و دەستکەوتەکانی بە ژنانی ئێران ناسێنراوە؟

بزوتنەوەی ئاپۆیی کە لەسەر بنەمای ئەو فەلسەفەیەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئازادی ژن خستییەڕوو، زیاتر لە چل ساڵە لە تێکۆشانێکی شکۆداردایە. هەرچەندە ئەم تێکۆشانە لە کوردستانەوە دەستی پێکرد، بەڵام هەر لە سەرەتاوە ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی گەلان، کلتوورەکانی ناوچەکە و جیهان پەیوەست بوون پێوەی و ڕێگەی پاراستنی ئیرادە و ناسنامەی خۆیان لە بزوتنەوەی ئاپۆییدا بینیەوە. زۆرن ئەو ژنانەی کورد نەبوون و هاتوونەتە ڕیزەکانی بزوتنەوەی ئازادی گەل و لە ڕێگەیەدا پێشەنگایەتیان کردووە و بەو پەڕی گیانبازییەوە تا ئاستی شەهیدبوون بەرخودانیان کردووە.

"شیرین عەلەم هولی بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بەرەو شەهیدبوون ڕۆیشت"

ڕێبەر ئاپۆ لە پێناو ئازادی ژنان، بەوپەڕی تواناوە بۆ بە ڕێکخستن و پێکهێنانی سوپا و پرسی بە حزب بوونی ژنان، چەندین ساڵ هەوڵیدا و تێکۆشانیکرد، هەر بەوەشەوە نەوەستا و بە مەبەستی بەشداریكردنی سەرجەم ژنان بە شێوەیەکی دیموکراتیک لە بزوتنەوەی ڕزگاری، سیستمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکی داڕشت و پێشکەشی کرد، کە وەک چەترێک هەموو ژنان دەتوانن بە ئیرادەی ئازاد و پاراستنی تایبەتمەندییەکانیان لە ژێر ئەو چەتەرەدا درێژە بە تێکۆشانی ڕەوای خۆیان بدەن. چەندین ساڵە کە ڕێبەر ئاپۆ بە ئاراستەی دۆزینەوەی چارەسەری پرسی ژنان لە هەوڵ و تێکۆشانی بێ وچاندایە. ئەم بزوتنەوەیە بە ئاراستەی پەروەردە، ڕێکخستن و یەکێتی ژنان نەک هەر لە کوردستان، بەڵکو لە سەرتاسەری جیهان لە تێکۆشان و چالاکیدایە. ئەمەش بۆ ڕۆژهەڵات ئەزمون و میراسێکی گەورەیە. بزوتنەوەی ئاپۆیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ چەندین ساڵە کە لە سەر بنەمای فەلسەفەی ژن، ژیان ئازادی لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆ، تێکۆشانێکی شکۆدار بە ئەنجام دەگەیەنێت، کە ئامانجی ڕێکخستنی سەرجەم ژنانە بەرهەمی لەخۆبوردوویی هەزاران ڕێبوار و تێکۆشەری ڕێگەی ڕاستی و ئازادی وەک شەهید “شیرین عەلەم هولی”یە، کە بە وتنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە زیندانەکانی ڕژێم بەرەوپیری شەهیدبوون ڕۆیشت و بۆ ساتێکیش دڕدۆنگی و دوودڵی نەکرد. کەم نین ئەو ژنانەی کە لە زیندان شەهید شیرینیان ناسیوە و لە ژێر کاریگەری جیهانبینی و ئیرادەی ئەودا بزوتنەوەی ئاپۆییان ناسیوە. ژنانی تێکۆشەری کورد بە ئیرادەیەکی پتەو و بەرخودانێکی بێ هاوتا لەبەرامبەر هێرشەکانی سیستمی دواکەوتوو، نەگریس و شوومی داگیرکەری ئێران، بوونەتە هیوایەک بۆ چارەسەرکردنی پرسی ژنان لە ئێران. ئێمە ساڵانێكه‌ لە پێناو ڕوونکردنەوە و شیکردنەوەی زیاتری پڕۆژەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەرکردنی پرسی ژنان لە هەوڵ و تێکۆشانداین. چارەسەرکردنی ئەم پرسەش بە ڕێکخستن، یەکگرتن و تێکۆشانی هاوبەش دەستەبەر دەبێت. بێگومان زەمینە و نەرمەوزەی گەورە بۆ هاوکاری و بەرەوپێشبردنی تێکۆشانی هاوبەش و یەکگرتووی ژنان لەئارادایە. هەر لەم چوارچێوەدا “کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان -کەژار” پلاتفۆرمی سەروونەتەوەیی ژنانی ئێرانی ڕێکخستووە، کە ژنانی ئێران لە سەرجەم نەتەوە جیاجیاکان تیایدا بەشدارن. لەهەمان کاتدا ئێمە لەگەڵ ژنانی ئەفغانیش پەیوەندی باشمان هەیە و لەهەوڵداین کە پەرە بەم پەیوەندی و هاوکارییانە بدەین. ئێمە ئەوەندەی گرنگی بە ناسینی زیاتر و گەشەپێدان بە پەیوەندی و هاوکارین لەگەڵ ژنانی دیکەی ئێران ده‌ده‌ین، بە هەمان شێوەش خوازیاری ئەنجامدانی تێکۆشانی هاوبەش و کاریگەرین.

لەپاڵ دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" هەندێک لە خۆپیشاندەران دروشمی " پیاو، نیشتمان، ئاوەدانی" دەڵێنەوە، ئێوە ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

دروشمی ژن، ژیان ئازادی جارێکی تر بە دەنگی بەرزتر و ڕوونتر لەو شوێنەی کە لێوەی هەڵقوڵاوە و لە زەمینەی تایبەت بە خۆیدا دەوترێتەوە و بزوتنەوەیەک بە پێشەنگایەتی ژنان لە هەوڵی ئەوەدایە، کە گەوهەر و فەلسەفەی ئەو دروشمە بکاتە کردار. ئەم دروشم و جۆش و خرۆشە شۆڕشگێڕییە، لەدژی سیستم و هێزی بیرکردنەوەی پیاوسالارانەیە، کە هەوڵ دەدات درێژە بەو به‌لاڕێداچوونه‌ بدات لە کۆمەڵگا و لە نیشتمانێک كه‌ بۆ هەزاران ساڵ ژنان تیایدا پێشەنگی ژیانی ئازاد بوون.

'دروشمی پیاو، نیشتمان، ئاوەدانی هیچ بنەما و ڕیشەیەکی نییە'

دروشمی “ژن ژیان ئازادی” لە پێناو بەرەنگاربوونەوە و تێکۆشان لە بەرامبەر ئەندێشەی ڕەگەزگەرا، ناوەندگەرا و لەقاڵبدانی ژیانی کۆمەڵگا داڕێژراوە و دەوترێتەوە، بەڵام هەندێک لە خۆپیشاندەران بە هاندانی هەندێک ڕەوت و لایەن دروشمی “پیاو، نیشتمان، ئاوەدانی”یان پێ زیاد کردووە، کە هیچ بنەما و ڕیشەیەکی نییە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سەرتاسەری جیهان سیستمێکی پیاوسالار بوونی هەیە، کە لە هەوڵی بەرجستەکردنی بیرکردنەوەی پیاوسالارانە و داواکارییەکانیدایە. لە وەها قۆناغێکدا کە جارێکیتر هاوار و دەنگی ناڕەزایەتی و شۆڕشی ژنان و گەلان لە دژی بیرکردنەوەی پیاوسالار بەرزبووەتەوە، وتنەوەی دروشمێکی لەم چەشنە هەوڵێکە بە ئاراستەی بەلاڕێدابردنی بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و بە دەربڕینێکی تر بزوتنەوەی ئازادی ژنان. هەڵبەت ئەم دروشمە “پیاو، نیشتمان، ئاوەدانی” لەلایەن ژمارەیەکی کەمەوە دەوترێتەوە و بە دڵنیاییەوە توانای دروستکردنی ئاستەنگ و ڕێگریی جددییان لەسەر ڕێگەی تێکۆشانی ژنان و گەلان لە پێناو ئازادی ژن و کۆمەڵگادا نییە

هـ . ب