'ژنانی بۆتان بەم جۆرەن'

ڤیان ژنێکی گەنج بوو. خۆی لە رێپێوانی لاواز بەدور دەگرت، بۆ پێشکەوتن بەپەلە بوو.

 

ڤیان (گوڵستان ئوجا) منداڵێک لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزی شڕنەخە. زێدی ئەو شایەتی زۆر ئێش و ئازارە. راپەڕین و ئەوینی گەورەی بەڕێکردووە. ڤیان خەڵکی بۆتانە. لە چیاکانی بۆتان دەستی بە خەباتی گەریلایی کرد. بەڵێ، بۆ ڤیان گەریلایەتی خەون و خۆزگەی سەردەم منداڵییە. هەر لە منداڵییەوە لە دڵی خۆیدا دەینەخشاند و دەرمانی ئازار و گەیشتن بە ئازادی لە چیا بینیەوە.

هەنگاوە سەرەتاییەکانی ژنێکی گەنج

ڤیان هاتە بەستا. بەستا بە ناوازەیی خۆی دڵی ڤیانی گەش کرد. دەیەوێت بە هەموو رێگاکانی ئەو گۆڕەپانەدا رێ بکات، لە هەر کانییەکی بخواتەوە و لە بەر سێبەری هەر دارێکیدا وچانێک بدات. سروشتە بێهاوتاکەی بەستا ئامێزی بۆ ڤیان کردەوە.  ڤیان گەنجە و هەم بەستا، هەم بۆتان و هەمیش هاوڕێیانی زۆر خۆشیان ویست. ڤیان خاوەنی دڵێکی گەش و گەنجانەیە، بۆ ئەوەی ببێتە کچی جیا هەرگیز هەست بە دژواری و تەنگوچەڵەمە ناکات. لەناو گەریلادا قۆناغێکی فێربوون و خۆگونجادندن هەیە. ئەو قۆناغە بۆ ڤیان زۆر کورتە. تامەزرۆیە کە زوو پێشبکەوێت. میهرالی کە فەرماندەیی شەڕڤانانی نوێی لە ئەستۆ بوو لەبارەی ڤیانەوە بەم جۆرە دەدوێت: "ڤیان لە ناو تیمەکەدا گەنجترین بوو. سەرەتا هەوڵماندا بیپارێزین. بە وریاییەوە مامەڵەمان لەگەڵ دەکرد. بۆتان یەک لەو گۆڕەپانە دژوارانەی شەڕ بوو. ویستمان ڤیان ببەینە ئەو ناوچانەی کە زۆر شەڕی تێدا نییە. بەڵام ڤیان دژی ئەمە وەستایەوە".

لە سەر رێبازی رێبەرایەتی

شەڕڤانی و کرێکاری ژنانی بۆتانی لەناو تێکۆشانی پەکەکەدا بە گەوهەری مێژوویی خۆیانەوە یەکیانگرتەوە. ڤیان بە شەڕڤانی پراکتیکی خۆی بووە خاوەنی هەڵوێستێک بە گوێرەی گەوهەری ژنانی بۆتان. بە گەنجی خۆی بووە شەڕڤانێکی لێهاتووی بەستا. لە رێپێوانی خۆیدا، بە کار و سەرکەوتنی خۆی هاوڕێکانی کردە هاوڕێی خۆی. هەڵوێستی، خواستی بۆ فێربوون سەرنجی هەمووانی رادەکێشا ڤیان بەربژێربوو بۆ ئەوەی ببێتە فەرماندەیەکی بەنرخ. نەک هەر لە رووی سەربازییەوە بەڵکوو لە رووی ئایدۆلۆژی و تیۆریشەوە زۆر هەوڵی دەدا، لە پەروەردە و قوڵبوونەوەدا پرسیاری دەکرد، زۆر بیری دەکردەوە. کەسایەتی لێکۆڵەری ئەو، کە بیری دەکردەوە، دەیپرسی، ئەوی کردە رێبواری رێگەی رێبەرایەتی. وتەی رێبەرایەتی کە دەیگوت: 'ئەو ژنانەی منیان خۆش دەوێت با رووبکەنە بۆتان' ئەم وتەیە بۆ ڤیان ببووە دروشمی ژیان و شەڕ. سەرباری پێداگری هاوڕێانیشی هەرگیز خۆی لە گۆڕەپانەکانی شەڕ نەکشاندەوە. هاوڕێیانی هەوڵیان دا قایلی بکەن، بەڵام نەیانتوانی. ڤیان بە کردەوە و شەڕڤانێتی خۆی هاوڕێیانی خۆی قایل کرد.

ناوازەیی بە گەریلای ژنەوەیە

ئەگەر پرسیاری ئەوە بکرێت، کە لە گەوهەری ناوازەیی ژناندا چی هەیە، دیارترین وەڵامی ئەو پرسیارە ساکار بوونی ژنە. ڤیان کە لە ژەنگاویی سیستمەکە دوور بوو، بە سادەبوونی خۆی بووە هێمای گەریلای راستەقینەی ژن. ڤیان زۆر ناوازەیە، لەبەر ئەوەی سادە و ساکارە، جەوهەرییە و بێگەردە. ئەگەر پێناسەیەکی ناوازەیی سادەبوون بێت، ئەوی تریان رەنج و ماندووبوونە. هەر بۆیە ڤیان ناوازەترین شێوەی رەنج و تێکۆشانە. لە کوێ ئەرکێکی دژوار هەبێت، بەر لە هەمووان ئەو خۆی دەخستە پێشەوە و لەسەر ئەو بنەمایە بە رەنجی خۆی ناوازەببوو.

ئەو جێگەیەی خۆی تێدا دۆزیەوە

ئەو ئاستەی کە کەسایەتی ئەو پێی گەیشت، وایکرد کە ڤیان دەست بە گەشتی نوێ بکات. گەشتی بەرەو وان دەستپێکرد. وەک چۆن بۆتان بۆ ڤیان وەک ئامێزی دایکی لێهات، وانیش بووە ئەو شوێنەی کە ڤیانی ئافراند. ژیان شەڕێکی دژوارە. ئەوانەی ئەم شەڕە بگەیەننە سەرکەوتن، بە مانەوە خەڵات دەکرێن. ئەو وتەیە پراکتیکی ژیانی ڤیانی دەخستە بەرچاو، لەبەر ئەوەی ڤیان هەبوونێکی زۆر گەورەی لە تەمەنی کورتی گەریلایەتیدا دەستەبەرکرد. وان ئەگەر چی وەک گۆڕەپانێکی وشک و ساردیش دەناسرێت، ڤیان لەوێ شارەزا دەبێت، خۆی دەناسێت، دەبێتە خاوەن ئیرادە، واتە ئەوێ وێستگەیەکە کە بگاتە خۆبوون. لەوێ فێری تایبەتمەندییە وردەکارییەکانی ژیان دەبێت، خۆی لە هێڵی گیانبازی نزیک دەکاتەوە و دەیەوێت لە هەموو سەنگەرێکدا بێت.

دوژمن ساڵی ٢٠١٨لە وان دەستی بە ئۆپراسیۆنێک کرد. یەک لەو گەریلایانە سەرەتا بەرپەرچی دوژمنی دایەوە ڤیان بوو. بۆ ئەوەی قاچی چەپەڵی دوژمن نەگاتە خاکی پیرۆز، گیانی لەبەرامبەر فیشەکەکان کردە قەڵغان، بۆ پاراستنی هاورێیانی بووە گیانباز. بووە گەریلایەکی گەنج کە ناوی خۆی لە دەفتەری دڵی هاوڕێیان و گەلەکەیدا نوسیەوە.

هـ . ب