لەیلا ئیمرەت باسی لە کۆبوونەوەکانی ئەڵمانیا کرد
لەیلا ئیمرەت نوێنەری دەم پارتی لە ئەڵمانیا ڕایگەیاند، بەرپرسانی ئەڵمانیا کە هەفتەی ڕابردوو لەگەڵیان کۆبوونەتەوە، ڕایانگەیاند کە پشتگیری لە پرۆسەکە دەکەن و ئەگەر داوایان لێبکرێت دەتوانن چاودێری بکەن.
لەیلا ئیمرەت نوێنەری دەم پارتی لە ئەڵمانیا ڕایگەیاند، بەرپرسانی ئەڵمانیا کە هەفتەی ڕابردوو لەگەڵیان کۆبوونەتەوە، ڕایانگەیاند کە پشتگیری لە پرۆسەکە دەکەن و ئەگەر داوایان لێبکرێت دەتوانن چاودێری بکەن.
لەیلا ئیمرەت، ئەندامی دەم پارتی لە ئەڵمانیا، کە هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا کۆبووەوە، ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکان زۆر بە باشی بەڕێوەچوون.
تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی دەم پارتی هەفتەی ڕابردوو لە ئەڵمانیا و بەریتانیا کۆبوونەوەی ئەنجامدا. شاندی دەم پارتی بە سەرۆکایەتی تونجەر باقرخان لە بەرلین لەگەڵ دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی نزیک لە پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، لایەنە سیاسییەکان، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی فیدراڵی و جێگرانی وەزیرەکان کۆبووەوە. لەیلا ئیمرەت، ئەندامی شاندی دەم پارتی لە ئەڵمانیا کە لە پانێڵێک و دوو دانیشتنی گشتی لەگەڵ هاوسەرۆکی دەم پارتی لە بەرلین بەشداری کرد، لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) لەو بارەوە قسەی کرد.
دەتوانن هەندێک زانیاریی دەربارەی کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی بەرلین ڕابگەیەنن؟
حکومەتی ئەڵمانیا تازە دەستی بە کارەکانی کردووە. ئێمە ویستمان پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی نوێ پتەوتر بکەین و زانیاری لەسەر پرۆسەی مێژوویی ئاڵوگۆڕ بکەین. هەروەها لەگەڵ هەندێک لە لایەنە نزیکەکانمان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەتایبەت گەلەکەمان لە بەرلین کۆبوونەوەمان ئەنجامدا و کۆبووینەوە؛ ئامانجی ئێمە ئەوە بوو. ئەم پرۆسەیە، واتە ئەو هەنگاوەی کە بەرێز ئۆجالان دەستی پێکردووە، هەنگاوێکە بەرەو ئاشتی و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک. ئامانج ڕوونکردنەوە و ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگایە و بەشداریکردنیە لەپرۆسەکە.
لە کۆبوونەوەکاندا چ پرسێک هاتە ئاراوە، لایەنەکانی گفتوگۆ چۆن سەیری ئەم پرۆسەیە دەکەن؟
بە گشتی ئەوان بە ڕوانگەیەکی ئەرێنی سەیری ئەم پرۆسەیە دەکەن. ئەوان پشتگیری خۆیان بۆ پرۆسەکەی بەڕێز ئۆجالان دەربڕی. بە تایبەتی ڕایانگەیاند کە "بە ئامادەیی و بە وردییەوە پشتگیری لە بانگەوازی ٢٧ی شوبات دەکەن." لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا حکومەتی تورکیا شەڕێکی توندی لەدژی کۆمەڵگای کوردی و بەتایبەتی لەدژی پارتە سیاسیەکان ئەنجامداوە. خەڵکێکی زۆر گیراون، شارەوانییەکان دەستیان بەسەردا گیراوە و ڕێوشوێنی دژە دیموکراسی گیراوەتەبەر. پرسیاری وەک "سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئێوە کار بۆ ئاشتی دەکەن، تا ئێستا لایەنی کوردی هەنگاوی زۆر گەورە و گرنگی ناوە، ئامانج چییە؟" ئاماژە بەوەش کراو کە "ئایا شتێکی شاراوە هەیە، ئایا ئاشتی بەدیهاتووە و دڵنیایی هەیە کە ئەم هەنگاوانە ئەنجامێکی ئەرێنی لێ بکەوێتەوە؟" هەروەها ئێمەش پرسیارمان لێکردن. سەرەڕای ئەمانەش پێشوازیان لە پرۆسەکە کرد. هەروەها لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوە کۆبووینەوە، کە لە ٢٧ی شوبات دوای بانگەوازییەکەی بەڕێز ئۆجالان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازییان لێکردین. ئاماژەیان بەوەکرد کە پێشوازی لە پرۆسەکە دەکەن و لە هەمان کاتدا ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی هەر ئەرک و ڕۆڵێک ڕاگەیاند.
ئایا داواکارییان هەیە بۆ بەدواداچوون و چاودێریکردنی پرۆسەکە؟
بەڵێ هەیە. ئاماژەیان بەوەداوە ئەگەر پەیوەست بە پڕۆسەکە لە تەڤگەری ئازادی یان دەوڵەتی تورک داواکارییەک هەبێت ئەوا قبوڵ دەکرێت. گوتیان کە بۆ ئەمە ئامادەین.
ئەم پێشنیارە لە لایەن حکومەتەوە کراوە؟
بەڵێ. پێشنیاری وەزارەتی دەرەوە بوو. پارتە سیاسییەکانی دیکە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش ئاماژەیان بەمە کردبوو. ئاماژەمان بەوەدا کە لە ئێستادا هەنگاوەکان بۆ دامەزراندنی کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمانی تورکیا دەنرێت و دەبێت کۆمیسیۆن ڕۆڵ و ئەرکی خۆی بگرێتە ئەستۆ بۆ مسۆگەرکردنی گۆڕانکارییە یاساییەکان. هەروەها باسمان لە کۆتایی هێنان بە سیاسەتی تاوانبارکردن کە لە ئەڵمانیا لە بەرانبەر کورد دەسەپێنرێت، لە لایەنی پرۆسەکەوە زۆر گرنگە و ئەمەش خزمەت بە پرۆسەکە دەکات.
ئۆپۆزسیۆنەکان پەیوەست بە پرسی تاوانبارکردن چیان گوت؟
پەرلەمانتارانی پارتی چەپ پەیوەست بەم پرسە پێشنیارێکیان پێشکەش بە بوندستاگ کرد. لە کۆبوونەوەکاندا ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەم بابەتە لە کارنامەی ئەواندا نییە، بەڵام بەدواداچوونی بۆ دەکەن بۆ بە دیهێنانی لە پراکتیکدا. ئەڵمانیا و تورکیا پەیوەندی مێژوویییان هەیە. هەموو ئەو دۆخانەی لە تورکیا ڕوودەدەن، لێرەدا دوای ماوەیەک کاریگەرییان هەیە. هەربۆیە ئەو ئەنجامەی لە کۆبوونەوەکانەوە بە دەستهێنران ئەوەیە کە کاتی دەوێت تا ئەو سیاسەتانە کۆتاییان دێت. بە گشتی کەشێکی ئەرێنی هەبوو.
دوو کۆبوونەوەتان لە بەرلین ئەنجامدا. کۆمەڵگە چۆن لەم پرۆسەیە نزیک دەبێتەوە، چ پرسیارێکیان کرد؟
بێگومان کۆمەڵگەش دەیەوێت لە پرۆسەکە تێبگات. کۆمەڵگە باوەڕی بە خۆی و ڕێبەرەکەی هەیە، بەڵام پرسیاری زۆر هەیە. ئەمەش تێدەگەن. ١٠٠ ساڵە لە بەرانبەر کۆمەڵگەی کورد، کۆمەڵگەی عەلەوی سیاسەتی توندوتیژی سەپێنراوە و کۆمەڵکووژی ئەنجام دراوە. کۆمەڵگە داوای ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان و چۆڵکرنی زیندانەکان دەکات.