وێنەکێشی بۆ ڕێناس موڕاد تەنیا کارێک نییە، بەڵکو هەستێکی زۆر تایبەت و پەناگەیەکی ئارامە. ئەو دەڵێت: "کاتێک وێنە دەکێشم ئارام دەبمەوە، هەستێکی زۆر جیاوازە." ئەو باوەڕی وایە کە مرۆڤ دەتوانێت هەموو قۆناغێکی ژیانی بە وێنەکێشان تێپەڕێنێت و هەر ڕووداو، یادەوەری یاخود حاڵەتێک دەتوانێت لە ڕێگەیەوە گوزارشت لێبکات.
بەرهەمەکانی ڕێناس لە گەلێک بابەتی گرنگ پێکدێت. لە دەرئەنجامەکانی قڕکردن و کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانەوە تا ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان بوونەتەوە، وێنەکانی هاواری ستەملێکراوان دەخەنە ڕوو. ڕێناس موڕاد وتی، "ئەو ئازارەی کە ئێمە وەک ژن لە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ٢٠١٤ـدا بینیومانە، بەهیچ جۆرێک نەمتوانیوە بێهێنمە سەر زمان، بەڵام هەوڵمدا لەڕێی وێنەکێشانەوە باسیان بکەم." ئەو گەلێک وێنەی کێشاون کە نیشانی دەدەن چۆن لە سەدەی ٢١ـدا ژنان سەرکوتدەکرێن."
لەلایەکی ترەوە، ڕێناس لەسەر خواستی دۆست و هاوڕێکانیشی وێنە دەکێشێت. ئەو لەسەر گەلێک جۆری کاغەز کاردەکات، هەندێک جار بە ڕەنگی ئاوی و هەندێک جاریش بە فەحم (خەڵوز) وێنەکانی دەکێشێت.
ڕێناس وا بیرناکاتەوە کە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا کاریگەری لەسەر هونەر هەبێت. ئەو پێی وایە کە لە ئێستادا گەلێک کەس هەن کە واز لە کاری هونەری دەهێنن، بەڵام باوەڕی وایە کە لەم سەردەمەدا کاری هونەری پیرۆزە و پێویستە تەکنەلۆژیا بەهیچ جۆرێک کاریگەریی لەسەر هونەر نەبێت.
ڕێناس موڕاد لە کۆتاییدا وتی، "بەر لە کۆمەڵکوژیی ٢٠١٤، کۆمەڵگەی شەنگال ئەوەندە گرنگییان بە هونەر نەدەدا. بەڵام بە ڕوودانی کۆمەڵکوژییەکە و دوورکەوتنەوە لە ماڵ و حاڵی خۆیان، خەڵک خۆیان فێری گەلێک شت کرد، لەنێویاندا هونەری وێنەکێشان. کاتێک مرۆڤ بتوانێت هەستەکانی خۆی و یادەوەرییەکانی بە وێنە گوزارشت لێبکات گەلێک کاریگەریی دەبێت. دوای کۆمەڵکوژییەکەی ٢٠١٤، گەلی شەنگال بەگشتی گەلێک ڕێز و بەهایاندا بە هونەر."