زیندانیانی زیندانی خارپێت لە دژی ئەشکەنجەدانەکان دەستیان بە مانگرتن کرد
زیندانیانی سیاسی لە زیندانی ئەمنی باڵای ژمارە دووی خارپێت لە دژی ئەشکەنجەدانەکان، مامەڵەی خراپ و ڕێگریکردن لە ئازادکردنی زیندانیان، دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد.
زیندانیانی سیاسی لە زیندانی ئەمنی باڵای ژمارە دووی خارپێت لە دژی ئەشکەنجەدانەکان، مامەڵەی خراپ و ڕێگریکردن لە ئازادکردنی زیندانیان، دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد.
سەرحەد ئەرەن پەرلەمانتاری دەم پارتی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکان لە گەڵ زیندانیان کۆبووەوە. ئەرەن دوای کۆبوونەوەکە لە بەردەم زیندان لێدوانێکی دا و ڕایگەیاند کە لە زیندانەکەدا مامەڵەی خراپ لەگەڵ زیندانیان دەکرێت و ڕووبەڕووی ئەشکەنجە دەبنەوە.
ئەرەن لەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ عومەر ساڵح جومعە زیندانی زانیاری بڵاوکردەوە و وتی: "پاسەوانەکان لە کاتی گەڕان بەناو شتەکانیدا ئەشکەنجەیان داوە. گەڕان لە کاتژمێرەکانی سەرلە بەیانی و درەنگانی شەودا ئەنجام دەدرێت و پاسەوانەکان مامەڵەی خراپ لەگەڵ زیندانییەکان دەکەن. هەروەها ئەو زیندانیانەی کە سزاکانیان تەواو بووە لەلایەن کۆمیتەی ئیداری و چاودێرییەوە ڕێگریی لە ئازاد بوونیان دەکرێت.
ئەرەن وتی: "داواکاریی زیندانیانی نەخۆش بۆ ناردنیان بۆ نەخۆشخانە پشت گوێ دەخرێت، ماوەی ساڵێکە هەندێک لە زیندانییەکان چاوەڕێی ڕۆیشتن بۆ نەخۆشخانە دەکەن، هەروەها مافی زیندانیانی سیاسی بۆ بەشداریکردن لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و هونەرییەکان پێشێل دەکرێت."
ئەرەن ڕایگەیاند کە زیندانیان بە زۆر ڕەوانەی زیندانەکانی دیکە دەکەن و داواکارییەکانیان بۆ گۆڕینی شوێنەکانیان قبوڵ ناکرێت. بەهۆی ئەم فشارە نامرۆڤانەوە، زیندانیان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە.
ئەرەن ئاماژەی بەوەشکرد کە زیندانییەکان بە شێوەی گروپی سێ کەسی دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە و وتی: "چالاکییەکانیان تا ئەو کاتەی کۆتایی بە گوشار و پێشێلکارییەکان دێنن بەردەوام دەبێت. ئەم جۆرە مامەڵەکردنانە زیان بە 'پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' دەگەیەنێت. بۆیە دەبێت دەست لەم کردەوانە هەڵبگرن و دەبێت وەزارەتی داد لەو بارەوە هەنگاو بنێت."