بە دیمەن

هاوسەرۆکانی دەم پارتی: دەبێت دەمیرتاش و یوکسەکداغ ئازاد بکرێن

تونجەر باقرخان و تولای حاتەم ئۆغولاری هاوسەرۆکانی دەم پارتی سەردانی هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپەیان کرد و داوایانکرد بۆ ئەوەی بەشداری لە پرۆسەی ئاشتیدا بکەن دەبێت ئازاد بکرێن.

تونجەر باقرخان و تولای حاتەم ئۆغولاری ، هاوسەرۆکانی دەم پارتی، دوێنێ لە زیندانی کەندرا لە کۆجاعەلی لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ و سەمرا گوزەل کۆبوونەوە و ئەمڕۆش لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش و سەلچوک مزراکلی لە زیندانی ئەدرنە دیداریان کرد.

دوای کۆبوونەوەکان، تونجەر باقرخان لە بەردەم زیندانی ئەدرنە لێدوانێکی دا. باقرخان ڕایگەیاند کە مۆڕاڵ و تەندروستی زیندانییەکان باش بوو و وتی: "پێشنیارێکی زۆر بەنرخیان پێشکەش کرد ئەوان ڕایانگەیاند کە هەر ئەرکێکیان پێ بدرێت بۆ پێشەوە بردنی پرۆسەکە جیبەجێ دەکەن."

باقرخان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئەوان نەیانتوانی ئەم بابەتە ڕابگەیەنن، بەڵام ئێمە باسی دەکەین، لە پڕۆسەیەکی وادا کە باسی ئاشتی دەکەین و لە مەراسیمێکدا چەکەکانیش دانران، ئەو کەسانەی کە لە دۆسیەی پیلانگێڕی کۆبانیدا دادگایی دەکرێن، لەوانە سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و هەڤاڵانی دیکەمان، پێویستە لەم پرۆسەیەدا بۆ بەرەو پێش چوونی ئەم پرۆسەیە، لەگەڵمان بن."

باقرخان بە ئاماژەدان بە پێشێلکردنی مافی سەلاحەدین دەمیرتاش کە لە لایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاوە ئاماژەی پێکرابوو ڕایگەیاند: "بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە باشتر بەرەوپێش بچێت، پێویستە ئەو هەڤاڵانەی کە لە دۆسیەی پیلانگێڕی کۆبانیدا تاوانبار و دادگایی دەکرێن، بە لەبەرچاوگرتنی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ئازاد بکرێن."

هەروەها تولای حاتەم ئۆغولاری جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان لە پرۆسەیەکدان کە چەکەکان بێدەنگ دەکرێن و زمانی ئاشتی پەرە دەستێنێ و وتی: "جگە لەوەش لە پرۆسەیەکداین کە باس لە دامەزراندنی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکەین. لە پرۆسەیەکی وەهادا لەو باوەڕەداین کە ئەنجامێکی بەپەلە بەدی بێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگای تورکیا، تورک، کورد، لەز، چەرکەس ،گەلی کورد و ٧٢ نەتەوە دڵخۆشبن."