سوپای سووریا کشایەوە، بەسەدان هاوڵاتی مەدەنی بێسەروشوێن و کوژران

کۆمەڵگای دروزی و چالاکوانان بە ئاماژەدان بە نادیاری چارەنووسی ئەو تەرمانەی کە چەند ڕۆژێکە لە دەوروبەری ڕێگاکان بەجێ ماون و ئەو هاوڵاتییانەی بێسەروشوێنن، داوای دەستوەردانی بەپەلەیان کرد.

دوای چوار ڕۆژ هێرشی خوێناوی سوپای سووریا بە سەرۆکایەتیی جۆلانی بۆ سەر شاری سوەیدای دروزی نشین لە باشووری سووریا، هاوکات لەگەڵ پاشەکشەی هێزەکانی سوپای سووریا، خەڵک و چالاکوانان داوا دەکەن شاری سوەیدا بەهۆی ئەو وێرانکاری و کۆمەڵکوژییانەی ڕوویداوە بە "شاری کارەسات" بناسێنرێت.

بەگوێرەی سەرچاوە هەرێمیەکان، شارەکە بەهۆی هاتنە ناوەوەی چەکدارە جیهادییە توندڕەوەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریاوە وێران بووە. بە تایبەتی باس لەوە کراوە کە کارەبا، ئاو، پەیوەندیی تەلەفۆنی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بە تەواوی پچڕاون؛ نەخۆشخانەی شارەکە لە خزمەتگوزاری دەرچووە، مردووخانەکان پڕن لە تەرم.

دانیشتوانی سوەیدا دەڵێن، شارەکە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکان و هەروەها بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگە سەربازییەکان لە دیمەشق، دەرعا و سوەیدا، بۆتە وێرانە و ژیان تێدا زەحمەتە.

هەرەوەها کۆمەڵگەی دروزی و چالاکوانان، بە ئاماژەدان بەو تەرمانەی کە چەند ڕۆژێکە لە کەناری ڕێگاکان بە جێ ماون و چارەنووسی نادیاری ئەو کەسانەی بێسەروشوێن بوونە، داوای هاوکاری بەپەلەیان کرد.

لە رێگەی ئەو ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت کە بە دەیان شوێنی بازرگانی و کار لەلایەن گروپە جیهادییەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریاوە بە تاڵان براون، بە دەیان ئۆتۆمبێلیان سووتاندووە و سەدان ماڵی هاوڵاتیانیان وێرانکردووە. بەوبۆنەوە لە شارەکە قەیران ڕوویداوە و بە لەناوچوونی بیرە ئاوییەکان و داخستنی بەنزینخانەکان بە گشتی ژێرخانی ژیانی شارەکە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.

سوپای سووریا لەژێر فشاری ئەمریکا و ئیسرائیل شەوی چوارشەممە ڕایگەیاند کە بەتەواوی لە سوەیدا دەکشێتەوە. ئەم بڕیارە دوای بۆردومانەکانی ئیسرائیل و بڕیاری بەرخۆدانی گروپە چەکدارەکانی دروزییەکان بۆ بەرگری لە شارەکەیان درا.

بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی سووریا(سۆهر)، لە شەڕەکەدا کە لە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووەوە دەستیپێکرد و تا ئەوکاتەی سوپای سووریا کشاوەتەوە لانیکەم ٣٧٤ کەس کوژراون.

داوای دەستێوەردانی مرۆیی بەپەلە لە سوەیدا

خەڵکی ناوچەکە و چالاکوانان داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەن کە بەپەلە هاوکاری بەپەلەی مرۆیی و چاودێری دەکەن و جەخت لەوە دەکەنەوە پێویستە لەبەر دۆخی شارەکە ڕێوشوێنی خێرا بگیرێتەبەر و شارەکە وەک "شاری کارەسات" بناسرێت، هەروەها بەپەلە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دابین بکرێنەوە.

هەروەها سەرۆکی ڕۆحانی کۆمەڵگای موسڵمانانی دروزی سوەیدا بە هۆی کارەساتەکەوە ماتەمینی گشتی ڕاگەیاند و داوای کرد ڕێڕەوی مرۆیی نێوان سوەیدا، ناوچە کوردیەکان و ئوردەنی هاشمی بکرێتەوە.