مەزڵوم عەبدی: کاتی ڕاگرتنی خوێنڕێژییە

فەرماندەی گشتیی قەسەدە، مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیلی سوەیدا دژی مرۆڤایەتییە و گوتی: "کاتی ئەوەیە خوێنڕشتن بوەستێنرێت".

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) مەزڵوم عەبدی دەربارەی هێرشی هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند دروزییەکان داوای کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆییان لێکردوون و داواش دەکات، دەستبەجێ هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی سوەیدا بوەستێنرێت.

مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند، کوشتنی ژن و منداڵ و دەستدرێژیکردنە سەر هێما ئایینیەکان، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و بەهاکانی سووریان، هەر بۆیە پێویستە دەستبەجێ هێرشەکان و کاری دوژمنکاریی بوەستێنرێن و لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسیاران بکرێت.

هەروەها مەزڵوم عەبدی داوای ڕاگرتنیی شەڕ و پێکدادانەکان دەکات و دەڵێت: "پاش ١٤ ساڵ شەڕ، کاتی ئەوە هاتووە خوێنڕشتن بوەستێنرێت، پرسی گەلی دروز پرسێکی نیشتمانییە، سووریا بە تۆڵەسەندنەوە نا، بەڵکو بە گفتوگۆ و فکر گەشەدەکات".