حکومەتی ئیسرائیل دوای هێرشکردنە سەر مەدەنییە دروزەکان لە شاری سویدەی باشووری سووریا بە ئاشکرا ڕژێمی دیمەشقی بە ئامانج گرت. ئیسرائیل بەڵێنی "دەستێوەردانی توند"ی داوە لە دژی هێزەکانی ڕژیم و لە هەمانکاتدا ئامادەکارییە سەربازییەکانیش چڕتر کردووەتەوە.
کاتز: هۆشداری کۆتایی هات، لە ئێستاوە گورزی سەخت دێت
وەزیری بەرگری ئیسرائیل کاتز لە دژی ئیدارەی دیمەشق ڕاگەیاندراوێکی توندی بڵاوکردەوە و گوتی: "هۆشداریدان بە دیمەشق کۆتایی هات. لە ئێستاوە گورزی سەخت دێت."
کاتز ئەم هۆشدارییەی دا: "تاوەکو هێرشەکان لە سوەیدا بە تەواوی کۆتایی دێت و دەکشێنەوە ئۆپراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبێت."
ناتانیاهۆ: دۆخەکە جدییە، کەوتینە جوڵەکردنەوە
سەرۆک وەزیران بینامین ناتانیاهۆ لە دوای پێشهاتەکان بانگەوازی لە هاووڵاتیانی دروز لە ئیسرائیل کرد و گوتی: "دۆخەکە لە سوەیدا زۆر جدییە. سوپا، هێزی ئاسمانی و یەکەکانی دیکە بۆ ڕزگارکردنی خوشک و برا دروزەکانمان و لەناوبردنی میلیشیاکانی ڕژێم لە جوڵەکردندان."
سوپای ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ دەستوەردان دەکات
بەپێی هەواڵی میدیا ئیسرائیلییەکان بە پشتبەستن بە سەرچاوە سەربازییەکان، سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ شەڕوپێکدادان ئامادە دەکات کە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە سووریا بەردەوام دەبێت. هەروەها ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆر سەربازی لە نزیک چیای جۆلان جێگیر کردووە.
بارەگای سەربازی دیمەشق بە ئامانج گیرا
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەداوە ئەمڕۆ لە دیمەشق لە بارەگایەکی سەربازی ڕژێمی سووریای داوە و گوتی: "لە نزیکەوە چاودێری هێرشەکان لە باشووری سووریا دەکەین بۆ سەر مەدەنییە دروزەکان. بە پێی ڕێنماییەکانی دەسەڵاتی سیاسی مامەڵە دەکەین و بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەین."
بانگەوازێکی گرنگ لە یەکێتی ئەورووپاوە
یەکێتی ئەورووپا بەهۆی شەڕوپێکدادانەکانەوە لە سووریا "نیگەرانی" خۆی دەربڕی و گوتی: "دەبێت هەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازی مەدەنییەکان بپارێزن". یەکێتی ئەورووپا سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لەسەر خاکی سووریا ڕایگەیاند دەبێت ڕێز لە سەروەری سوریا بگیرێت.