دروزییەکان داوای بە هاناوەچوونی سوەیدای کرد

سەرۆکایەتیی ڕوحانی کۆمەڵگەی موسڵمانانی دروزی بانگەوازی بۆ هێزە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان کرد بە هانای سوەیداوە بچن.

سەرۆکایەتیی ڕوحانی کۆمەڵگەی موسڵمانانی دروز بە ڕاگەیاندراوێک داوای پاراستنی کۆمەڵگەی دروزی کرد. هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد بەرپرسیارێتیی مرۆیی و ئەخلاقی خۆی بەجێ بهێنێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە بانگەواز بۆ جیهانی ئازاد و هەموو هێزە کاریگەرەکان دەکەین. دەنگی خۆمان دەگەینینە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکوەزیر بنیامین ناتانیاهۆ، شازادە محمد بن سەلمان... و هەر کەسێک کە لەم دنیایە دەنگ و کاریگەریی هەیە.. سوەیدا ڕزگار بکەن."

لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە: "بەوپەڕی بێوژیدانییەوە گەلەکەمان قڕدەکرێت، بێ جیاوازی لەنێوان گەنج و پیردا، ژن، پزیشک و شێخدا. جێگاکانی پەرستن دەڕووخێندرێن، کۆمەڵکوژی بە بەرچاوی جیهانەوە ئەنجام دەدرێت. کارەکانی گرووپی دەسەڵاتداری دیمەشق چیتر ڕەوا نییە و لەبری چەک و ئاگر هیچ شتێک لە دەسەڵاتداری نازانن."

هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی سوننی کرد تاوەکو لەبەرامبەر ئەوەی دەگوزەرێت هەڵوێستێکی ڕوونیان هەبێت. سەرۆکایەتی ڕوحانی کۆمەڵگەی موسڵمانی دروز لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم بانگەوازە "سیاسی نییە، مرۆیی و ئەخلاقی"ـیە و ڕایگەیاندووە: "ئەو گەلە ڕزگاربکەن کە تەنها بەهۆی داواکردنی ژیان و شکۆ وە، دەکوژرێت."