لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە ١٣٩ کەس کوژراون

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندرووستی غەززە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، لانی کەم ١٣٩ فەڵەستینی کوژراون و ٤٢٥ کەس برینداربوون.

وەزارەتەکە لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە کاتی هەوڵدان بۆ وەرگرتنی هاوکاری مرۆیی، ٢٨ کەس کراونەتە ئامانج و کوژراون. ئاماژە بەوەشکراوە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم ١٣٩ کەس کوژراون و ٤٢٥ کەسیش برینداربوون.

هەروەها تەلەفزیۆنی ئەلجەزیرە بڵاویکردەوە، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل بازاڕێکیان لە شاری غەززە کردۆتە ئامانج و بەهۆیەوە لانیکەم ١٠ کەس کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون. ڕاگەیەندرا دکتۆر ئەحمەد قەندیل کە لە نەخۆشخانەی باپتیستی ئەهلی کاری دەکرد، لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستداوە.

ڕەنگە ژمارەی کوژراوان گەیشتبێتە زیاتر لە ١٠٠ هەزار

سەرەڕای ئەم دوایین ئامارانە، ژمارەی فەڵەستینییە کوژراوەکان لە هێرشی ئیسرائیل کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستی پێکرد، گەیشتە ٥٨ هەزار و ٢٦ کەس. بەڵام بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا تەرمی هەزاران کەس لەژێر داروپەردوودا ماونەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە توێژینەوە زانستییە سەربەخۆکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارە فەرمییەکە ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکان نییە و ڕەنگە ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە ١٠٠ هەزار کەسی تێپەڕاندبێت.