ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هاوکاری بەپەلەی مرۆیی دەنێرێتە سوەیدا

دەستەی ڕەنجدەر و کاروبارە کۆمەڵایەتییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، هاوکاریی بەپەلەی مرۆیی دەنێرێتە سوەیدا، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی دروزین.

دەستەی ڕەنجدەر و کاروبارە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد هاوکاری مرۆیی دەنێرن بۆ خەڵکی سوەیدا.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ڕایدەگەیەنین کۆمەڵێک هاوکاری مرۆیی بەپەلە بۆ خەڵکەکەمان لە پارێزگای سوەیدا دەنێرین. خەڵکەکەمان کە بەهۆی پێشهاتەکانی دوایی و هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانیان بە بارودۆخێکی مرۆیی زۆر زەحمەتدا تێدەپەڕن و بەو هۆیەوە بارودۆخی ژیان و خزمەتگوزارییەکان خراپتر بوون."

دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە هاوکارییەکانیان بۆ خەڵکی سوەیدا بەردەوام دەبێت و ڕایگەیاند: "لە هەمان کاتدا بانگەواز دەکەین بۆ هەموو لایەنە نەتەوەیی، خێرخوازی و ڕێکخراوە مرۆییەکان هەوڵەکانیان یەکبخەن و پشتگیرییەکانیان بۆ خەڵکی سوەیدا زیاتر بکەن."