پەیامی سۆزدار ئاڤێستا بۆ کۆنفرانسی ڕۆشنگەریی شەنگال
ئەمڕۆ کۆنفرانسی ڕۆشنگەریی شەنگال بە جۆشێکی مەزنەوە دەستیپێکرد. لە کۆنفرانسەکەدا پەیامەکان خوێندرایەوە، لە پاش پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ، پەیامی ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە سۆزدار ئاڤێستا خوێندرایەوە. سۆزدار ئاڤێستا لە سەرەتای پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کۆنفرانسەکە کە بە ئامانج و بانگەشەی ڕێنسانسی ئێزدخان ئەنجام دەدرێت، لە ئەنجامی هەوڵدان و بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆوە کەوتە ڕۆژەڤی کۆمەڵگەی ئێزدییەوە. سۆزدار ئاڤێستا باسی لەوەکرد کۆنفرانسەکە بۆ نوێبوونەوەی کۆمەڵگەی ئێزدییە بە میکانیزمی نوێگەری و زانست. چونکە گەر نوێبوونەوە نەکرێت ئەوا مەترسی توانەوە و تیاچوون لە ئارادایە.
بەفراوانی پەیامەکەی سۆزدار ئاڤێستا بەم شێوەیەیە:
"لەو مێزەی کە لە ئیمراڵییدا دانراوە، یەک لە بابەتە گرنگەکان بەلای ڕێبەر ئاپۆوە بابەتی گەلی شەنگال و ئێزدخانمانە. ڕێبەر ئاپۆ لە ٥٢ ساڵەی ژیانی تێکۆشانییدا بە کۆمەڵگەی ئێزدیمانەوە هەمیشە کاری بۆ گەلانی بندەست کردووە. لە سایەیی ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆوە لە نێو کۆمەڵگەی ئێزدییدا ڕۆشنگەری هاتووەتە ئاراوە. هەروەها لە ڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونیشەوە گۆڕانکاری مەزن و مێژوویی پێشخراوە.
کاتێک ئەم کۆنفرانسە ئەنجام دەدەن، هەڵبەتە لە نەبوونەوە دەستپێناکەن. تەنها بەرخۆدانی ١٠ ساڵە لە پشتی ئەم کۆنفرانسەوە نییە، هەڵبەتە بەرخۆدانی شەنگال بۆ هەموومان سەربەرزییەکی مەزنە. بەڵام بە دڵنیاییەوە لە پشتی ئەم کۆنفرانسەوە ڕەنجێکی مەزنی ٥٠ ساڵەی تەڤگەری ئازادی هەیە. ڕەنج و بەرخۆدانی تەواوی مێژوویی ئێزدخان هەیە و زیاد لە حەوت هەزارساڵە درێژەی هەیە. وێرای هەموو فەرمانەکانیش کۆمەڵگە بەرگری لە هەبوونی خۆی کرد و هیچ کاتێک دەستبەرداری جەوهەری خۆی نەبووە. کۆمەڵگەی ئێزدی کۆمەڵگەیەکی چیاییە، کۆمەڵگەی نیۆلۆتیکییە، کۆمەڵگەی گوندنشینییە. نەک کۆمەڵگەی شارنشینی و دەوڵەتپارێزی. لە سەردەمی دەوڵەت-نەتەوە و ئیمپرالیستییشدا کۆمەڵگەی ئێزدی بە سرووشتی خۆی هەبوونی خۆی پاراستووە. یەک لەو هۆکارانەی ئەوەندە بەر هێرش و فەرمانەکان کەوتووە هەر ئەم جەوهەری پارێزییەیە.
پێویستە توێژینەوەی زانستی لەسەر مێژوویی ئێزدییەکان بکرێت
گەر لەمڕۆدا ڕێبەر ئاپۆ بونیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی وەک ئەرکێک خستووەتەوە پێشمان، کۆمەڵگەیەک کە دەتوانێ زۆر باش ئەمە پێكبهێنێت کۆمەڵگەی ئێزدییە و ئەم دەرفەتەمان لە پێشە. بۆیە ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسە لەژێر ناوی ڕێنسانسدا ئەنجام دەدرێت زۆر بایەخدارە. بەڵام هەموو شتێک بە کۆنفرانسێک ناگات بە ئەنجام، بۆیە هیوادارین ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەین کە لە کۆنفرانسەکەوە پێمان دەستپێردرێت. ڕۆشنگەری سەرلەنوێ بونیاتنانەوەیە. پێویستە توێژینەوە لەسەر هەموو مێژوومان بکەین، لە هەبوونی مرۆڤایەتییەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆمان پێکرا لێ بکۆڵینەوە. پێویستە لە ڕەهەندی زمان، چاند، کۆمەڵگەیبوون و باوەڕداری لێکۆڵینەوەی مەزن بکرێت. ئەمەش بە زانست و بە ئەکادیمیا دەکرێت.
پێویستە ئەکادیمیا ببێتە ناوەندی کارکردنی ڕۆشنگەری
ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی ڕێبەر ئاپۆی شەنگال، کە ماوەیەکە کارەکانی بەردەوامە، دەتوانێت ببێتە ناوەندی کار و خەباتی ڕۆشنگەری. ئەم ئەکادیمیایە پێویستە هەموو لقەکانی دامەزرێنێت. کەسانی زانا، خوێنەران پێویستە بەشداری ئەم خەباتە ببن. ئەوەی دەیزانین و فێربووین بەس نییە بۆ خەباتی ڕۆشنگەری. پێیویستە لەڕوویی فەلسەفەی و سۆسۆلۆژیاوە گۆڕانکاری بهێندرێتە ئاراوە. پێویستە هەموو کەس و بەشەکانی کۆمەڵگە بەشداری ئەم خەباتە ببن.
ئەم کۆنفرانسە سەرەتایەکە، نەک کۆتایی. بۆئەوەی ئەم کۆنفرانسە بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت پێویستە لە کۆنفرانسەکەدا لیژنەکان درووست بکرێت. دەبێت لیژنەکان پلانڕێژی کارەکان بکات. کۆنفرانس، وۆرکشۆپ، پەروەردە، کۆبوونەوە، خۆی لە خۆییدا پێویستە پەرە بە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە بدات. کۆمەڵگە هۆشیار بکاتەوە. لەوباوەڕەدام چاوەڕوانی ڕێبەر ئاپۆیش لە کۆنفرانسەکە ئەم خاڵە جەوهەرییە.
ژنانی ئێزدی پێشەنگایەتیی ئەم ڕێنیسانسە بکەن
پێویستە لەم کۆنفرانسەدا ڕاوەستە لەسەر سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی شەنگال بکرێت. لە دوا دیداری لەگەڵ بنەماڵەکەیدا، ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاند: بیر لە پلانێک دەکەمەوە و دەمانەوێت سەرلەنوێ شەنگال ئاوەدان بکەینەوە. سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی شەنگال ئەرکی هەموومانە. هەرخۆی ڕێنیسانس سەرلەنوێ بونیاتنانەوەیە، خۆ گۆڕین و گۆڕانکارییە. ئەوەی لە هەمووان زیاتر دەتوانێت پێشەنگایەتیی ئەم گۆڕانکارییە بکات، ژنانی تێکۆشەرن. لە ئێزدخانیش، بەتایبەت دوای فەرمانی ٣ـی ٨ـی ٢٠١٤، ژنانی ئێزدخان ئەم پێشەنگایەتییەیان بە لێهاتووییەوە بەجێهێنا. لەم کۆنفرانسەدا ئەوانەی لە هەمووان زیاتر ڕۆڵیان دەبێت ژنان و گەنجانن. پێویستە بەشداری تێکۆشانە ئەکادیمییەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان ببن.
مانەوە لە بەرگە کۆنەکاندا دەبێتە هۆی توانەوە و لەناچوون
ڕێبەر ئاپۆ لە نامەکەشیدا دەڵێت، کۆمەڵگەی ئیزدیمان شانەی گەلی کوردە. گەلی کوردستان لەم ڕەگ و ڕیشەیەوە گەیشتووەتە ئەمڕۆ. هەروەها ڕێبەر ئاپۆ کۆمەڵگەی ئێزدی وەکو ڕەسەنترین کۆمەڵگەی خاوەن کلتوور، باوەڕ و بەرخۆدان دەبینێت. ئەمە شانازییەکی گەورەیە بەڵام بەس نییە، ئەگەر لەم پڕۆسەیەدا پەرە بە نوێگەری زانستیانە نەدەین ئاوا مەترسی توانەوە و لەناوچوومان لە ئارادا دەبێت. چیتر بارودۆخ وەکو پێشتر نییە، تەکنەلۆژیا پێشکەوتووە، کلتوورەکان تێکەڵاوبوون، ژیانی ڕۆژانە بەشێوەیەکی جیاواز بەڕێوەدەچێت. ئەگەر ئێمەش نوێبوونەوە، زانست، یەکسانی و دادپەروەری لە خۆماندا پێش نەخەین، کۆمەڵگەی ئاکاری و سیاسی دانەمەزرێنین، تەنها لە نێو بەرگە کۆنەکانی خۆماندا بمێنینەوە، ئەوا بەر توانەوە و لەناوچوون دەکەوین. لەبەرئەوە پێویستە لەسەر ڕەگ و ڕیشەی خۆمان بەهاکانمان بپارێزین. کاتێک مرۆڤەکان بەبێ نوێبوونەوە و گۆڕان لە ڕەگی خۆیان دووردەکەوتنەوە، دەستیان لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیان بەردا، هەموو شتێکی خۆیان ونکرد، هەڵبەتە بێڕێزییەکی گەورەیە، کەس ئەوەی ناوێت. پێویستە بە ئاگاییەوە بێت، خاڵە لاوازەکان تێپەڕێنین، بەهێزەکان دەوڵەمەند بکەین، نۆژەنی بکەینەوە و پێشی بخەین.
دەمویست خۆشم لە کۆنفرانسەکەدا ئامادەبم، بەڵام لە کوێ دەبین با ببین لە بەرپرسیارێتیی ئێزیدخاندا ئەو ئەرکانەی دەکەوێتە ئەستۆمان پێی هەڵدەستین. بەتایبەت ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان کە ڕێبەر ئاپۆ دەیخاتە بەردەممان، دیدگای ڕێبەر ئاپۆ ئەمەیە، داخوازی ڕێبەر ئاپۆ ئەمەیە. بۆ کۆمەڵگەی ئێمەش گونجاوترین و باشترین شت کە توانیبێتی بەهەزاران ساڵ بەردەوام بێت ئەمە دەبێت.
مەزنترین وەڵام بۆ فەرمانەکان خۆنوێکردنەوە و خۆدروستکردنە
لە ساڵیادی فەرمانەکە نزیکدەبینەوە، گەورەترین تۆڵەکردنەوە لە دووژمنان خۆنوێکردنەوە و خۆدروستکردنە، خۆڕێکخستنکردنە، خۆپاراستنە. پاراستنی کۆمەڵگەکەمان، بوونی کۆمەڵگەکەمانە. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت کۆمەڵگەیەک بەبێ پاراستن وەکو مریشکێکی سەربڕدراوە. نەک بە تەنها حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم، پێویستە هەمووان دان بە بەهاکانی کۆمەڵگەی ئێزدیدا بنێن. پێویستە دان بە بوونیاندا بنێن، پێویستە دان بە ئیرادەی سیاسییاندا دابنێن. کۆمەڵگەی ئێزدی بە ڕێژە کەمە، ئەمەش بەو مانایە نایەت کە خۆی لەنێو دەسەڵاتداراندا بتوێنێتەوە. سەلمێنراوە کە دەسەڵاتداران ناتوانن ئەم کۆمەڵگەیە بپارێزن. بەم شێوەیە کۆنفرانسەکە دەبێتە وەڵامێکی بەهێز بۆ فەرمانەکان."