بە دیمەن

تاڵب تەپە: دانپیانان بەس نییە، دەبێت داوای لێبووردن لەم گەلە بکرێت

تاڵب تەپە کە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە ٦ کەسی خێزانەکەی لەدەستداوە، گوتی: "بەهۆی ئەو هەموو ئەشکەنجە و ستەمەی کراوە، دەبێت داوای لێبووردن لەم گەلە بکرێت. دەبێت بە هەموارکردنەوەی دەستوور و یاساکان ژیان بنیات بنرێتەوە".

تاڵب تەپە

ڕۆژێک دوای ئەوەی گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە ١١ ی تەمموز چەکەکانیان سووتاند، سەرۆککۆمار ئەردۆغان بە لێدوانێک باسی کوشتنە تاوانبار نادیارەکان و سووتاندنی گوندەکان و کوشتنی خەڵکی مەدەنی لە ساڵانی نەوەدەکان کرد، بەمەش دانی نا بە تاوانەکانی ئەوکاتەدا. ئەردۆغان ئاماژەی بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کرد و تیشکی خستەسەر پێویستی پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکە، بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم ڕووداوانە.

ئەردۆغان باسی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی نەکرد کە لە سەردەمی خۆیدا ئەنجام دراون، داوای لێبووردنی نەکرد لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی کە ئەنجامیان داوە. لەو کاتەدا ١٥ هەزار کەس لە لایەن تاوانبارانی نەناسراوەوە کوژران و دەیان هەزار گوند سووتێنران و ملیۆنان کەس ناچار بوون کۆچ بکەن. تاڵب تەپە، کە شایەتحاڵی ئەم ستەمکارییە بوو، ڕایگەیاند کە بۆ ئاشتییەکی جددیی، دەسەڵات نەک هەر دانپێدانان بکات، بەڵکو دەبێت داوای لێبووردنیش لە بنەماڵەکان بکات. ٦ کەس لە بنەماڵەی تەپە کوژراون، ٢ کەسیان بە ڕووداوی تاوانبار نادیار بوون. تەرمی برازاکەی، عەبدولڕەحمان تەپە کە لە گۆڕستانی گارزان بەخاکسپێردرا، بە حەفارە دەرهێنرا و ١٠ ساڵە بەدوای تەرمەکەیدا دەگەڕێن.

برای تاڵب تەپە، سەیفەدین تەپە و برازاکەی فەرهاد تەپە، لەکاتی کاری ڕۆژنامەوانیدا لە بەدلیس بە کوشتنی تاوانبار نادیار کوژران، فەرهاد تەپە (١٩ ساڵ) کاتێک کاری پەیامنێری بۆ ڕۆژنامەی ئۆزگور گوندەم دەکرد، لە ٢٨ـی تەمموزی ١٩٩٣ لە بەدلیس ڕفێندرا و ٤ـی ئاب لە قەراغی گۆمی حازاری خارپێت لەلایەن ماسیگرێکەوە تەرمەکەی دۆزرایەوە. سەرەڕای هەموو داواکارییەکانی بنەماڵەکە و هەوڵە یاساییەکان، کوشتنەکە ڕوون نەکراوەتەوە. پاش کوشتنی فەرهاد، سەیفەدین تەپە پێنووسەکەی هەڵگرت و بوو بە پەیامنێری یەنی پۆڵەتیکا لە باتمان. لە ٢٥ـی ئابی ١٩٩٥ لە بامان دەستبەسەرکرا، برایە لقی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری پۆلیسی بەدلیس. لە ٢٩ـی ئابی ١٩٩٥ لە تەمەنی ٢٧ ساڵی، بانگەشەی ئەوە کرا کە سەیفەدین لە دەستبەسەریدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. پاش ئەو هەموو ساڵە، هێشتا کوشتنەکەی ڕوون نەکراوەتەوە.

تاڵب تەپە ڕایگەیان هەرگیز ئەم تاوان و ئەشکەنجانە لەبیر ناکرێن، تەنها دانپیانان بەس نییە، دەبێت داوای لێبووردن لە گەلی کورد بکرێت، گوتی: "کەسی زۆرمان لەدەستدا، نامانەوێت کەسی تر گیان لەدەست بدات. پرۆسەیەکی جددیی بە داوای لێبووردن بەهۆی ئەم تاوانانە، دەست پێ دەکات".

'لە ساڵانی نەوەدەکان، ئەشکەنجەی زۆرمان بینی'

تەپە ڕایگەیاند پێش پرۆسەی ئاشتی نەیدەتوانی بگەڕێتەوە زێدی خۆی، گوتی: "لە ساڵانی نەوەدەکان لێرەدا ناڕەحەتی زۆرمان چەشت. پێش پرۆسەی ئاشتی، نەمدەتوانی بگەڕێمەوە بۆ زێدی خۆم. لەبەرئەوەی ناسناوم تەپە بوو، هەردەم هەڕەشەم لێ دەکرا، یان سیخووڕی دەسەپێنرا. بۆیە چەندین ساڵ نەمتوانی بگەڕێمەوە بۆ شارەکەم. پاش دەسپێکردنی پرۆسەی ئاشتی گەڕامەوە ئێرە".

تەپە ڕایگەیاند لە ساڵانی نەوەدەکاندا ستەم و ئەشکەنجەی زۆریان چەشتووە، تیشکی خستەسەر کوشتنی براکەی و برازاکەی کە سەرەڕای هەموو هەوڵەکانیان بکوژانیان نەدۆزرایەوە و سزا نەدران، دووپاتی کردەوە، ٦ کەسی لە خێزانەکەی لەدەستداوە.

تاڵب تەپە ڕایگەیاند هێرشکراوەتە سەر گۆڕی عەبدولڕەحمان تەپە و تەرمەکەی دەرهێنراوە و براوەتە ئیستەنبوڵ، سەرەڕای بەخشینی نموونەی دی ئێن ئەی، تەرمەکەیان وەرنەگرتووەتەوە، گوتی: "هێرشکردنە سەر گۆڕستانەکان و کوشتنە تاوانبار نادیارەکان، ستەمێکی دژی مرۆڤایەتییە. بنەماڵەکەمان هەموو جەژنێک دەچووە سەر گۆڕستان و هیوای هەبوو.

بەڵام ئەم هیوایەشیان لە بنەماڵەکە زەوتکرد. ئەمە هەم ئەشکەنجەیە و هەم ستەمێکی مەزن. هێرشێکی نامرۆڤانەیە و بێ‌ویژدانییە. لە پرۆسەی شەڕدا، ٦ کەس لە بنەماڵەکەمان کوژران، ٢ کەسیان کوشتنی تاوانبار نادیار بوون. گۆڕی یەکێکیانمان نەدۆزییەوە و بکوژی ٢ کەسیان نادیارە".

تەپە پشتگیری بۆ پرۆسەی ئاشتی دەربڕی، گوتی: "پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی دەکەین، با ئاشتی بێتەکایەوە و خەڵک لە ئارامییدا بژی. با کەس نەکوژرێت".

'ئێمە مافی یاسایی و دەستووریی خۆمان دەوێت'

تاڵب تەپە ڕایگەیاند گەلی کورد ئەو هەموو تێکۆشانەی کرد و ستەمی لە کەس نەکرد، بەڵام ئەم هەموو ستەمە لە گەلی کورد کرا، دەبێت ئەم ستەمە کۆتایی بێت، گوتی: "با زمانەکەمان ئازاد ببێت، ئێمە مافی یاسایی و دەستووریی خۆمان دەوێت. با کەس نەمرێت، کەس ئەشکەنجە نەدرێت، هەر کەس بە زمانی دایکی بدوێت و بژی".

'پێویستە دەوڵەت داوای لێبووردن لە بنەماڵەکان بکات'

تاڵب تەپە داوای کرد کە دەوڵەت داوای لێبووردن لە بنەماڵەکان بکات بەرامبەر تاوانەکان، گوتی: "نەک تەنها بۆ ئێمە، دەبێت داوای لێبووردن لە هەموو بنەماڵەکان و تەواوی گەلی کورد بکات، بەمەش ڕێگە بۆ پێکەوەژیان بکاتەوە. ئەم گەلە هەموو ستەم و ئەشکەنجەیەکی چەشت. لە کوشتنی تاوانبار نادیارەوە بگرە، تا دەگاتە هێرشکردنە سەر گۆڕستانەکان... بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بەباشی بەڕێوەبچێت، دەبێت ستەمەکان ببینرێن، دانی پێدا بنێن و داوای لێبووردن بکەن".