بە دیمەن

لە شەنگال یادی شەهید ئارین و جیگەر کرایەوە

لە شەنگال بە مەراسیمێک یادی شەهید ئارین ئارارات و جیگەر قیرانی کرایەوە.

گەریلایانی هەپەگە ئارین ئارارات و جیگەر قیرانی کە لە کاتی جیاوازدا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهیدبوون، بە مەراسیمێک یادیان کرایەوە. لە مەراسیمەکەدا ئەندامانی ڕێکخراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال و خەڵک ئامادەبوون. شەهید ئارین ئارارات لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهید ببوو. مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزلێنان دەستیپێکرد.

لە مەراسیمەکەدا ڤیان حەبابی بەناوی فەرمانداریی یەبەشە-یەژەشەـوە قسەی کرد. لە کەسایەتی شەهید ئارین ئارارات و جیگەر قیرانیدا تەواوی شەهیدانی هێڵی ئازادی و شەهیدانی ٧٤ فەرمانەکەی بەبیر هێنایەوە و سەرەخۆشی لە هەردوو بنەماڵە و کۆمەڵگەی شەنگال کرد.

حەبابی لەسەر تێکۆشانی هەردوو شەهیدەکان ڕایگەیاند: "هەمووان دەزانن کە هۆکاری هەڵگرتنی چەک لەلایەن ئەم دوو هەڤاڵەوە چی بووە و چۆن بووە. هیچ کام لەم دوو هەڤاڵە هەرگیز ئامادە نەبوون سەریان دانەوێنن لەئاست ستەم و تا دوا سات خۆیان بۆ کۆمەڵگە کردە قوربانی. ئێمە قەرزداری ئەم دوو هەڤاڵەین.

فەرماندار ڤیان حەبابی بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "گەر وەستان و مانەوەمان لەسەر خاکەکەمان هەبێت، ئەوە لە سایەی ئەو شەهیدانەوەیە. ئێمە وەکو هاوڕێیانی ئەوان، وەکو شوێنکەوتەی ڕێی ئەوان، وەکو کۆمەڵگەی ئێزدی بە شەهیدبوونی ئەوان سەربڵندین و ڕێی تێکۆشانیان تا کۆتایی بەردەوامی پێدەدەین. دووبارە سەرەخۆشی لە تەواوی کۆمەڵگەی ئێزدی، بنەماڵە و ئازیزانیان دەکەین. با سەری ڕێبەر ئاپۆ ساغ بێت و شەهید نامرن."

بەناوی ڕێکخراوی بنەماڵە شەهیدەکانەوە، دایکی شەهید تیرێژ، بەرفێ ئیلیاس قسەی کرد. بەرفێ لە دەستپێکی قسەکانیدا سەرەخۆشی لە تەواوی کۆمەڵگەی ئێزدی و بنەماڵەی شەهیدان کرد و وتی: "گەر هەڤاڵان لەو هەلومەرجەدا ڕوویان لە چیای ئازاد کردبێت، هۆکار ئەوە بوو کە دەیانویست تۆڵەی ٧٤ فەرمانەکان بکەنەوە. ئەمە ئەو دوو هەڤاڵە بوون کە لە چنگی فەرمانەکان ڕزگاریان بوو. ناوی خۆیان لە مێژوودا نووسییەوە. ئەو هێڵەی ئەوان هەڵیانبژارد، هێڵی شەهیدان بوو کە لە فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ـدا بەسەر دایک و خوشکانیان هاتبوو."

ئیلیاس ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە پەشیمان نین کە منداڵانی وەکو تیرێژ، ئارین و جیگەرمان لە چیا ئازادەکان شەهید بوون و بەدوای تۆڵەی دایک و خوشکانی خۆیان کەوتبوون و تا دوا ساتی ژیانیان بەرەنگاربوونەوە و شەهیدبوون. دووبارە سەرەخۆشی لە تەواوی گەلی خۆمان و دۆست و هەڤاڵانیان دەکەین و دەڵێین 'شەهید نامرن، بژی سەرۆک ئاپۆ، بژی بەرخۆدانی گەریلا'."

بەناوی بنەماڵەی شەهید ئارینەوە، باوکی قەحتان عەلی قسەی کرد و بەخێرهاتنی هەموو ئامادەبووانی کرد. دەستی بە قسەکانی کرد و وتی: "لە ساڵانی ڕابردوودا گەلێک گەوهەری گرانبەهای وەکو مام زەکی، زەردەشت، دژوار و عەگیدمان بەخشی. هەڵبەتە بە شەهیدبوونی ئەم هەڤاڵانە ئێمە سەربەرزین."

قەحتان عەلی باسی لە کەسایەتیی کچەکەی کرد: "ئارین ساڵی ٢٠١٥ بەشداری ڕیزەکانی سەربازیی بوو. بە دەیانی وەک ئارین ڕوویان کردە ڕیزی پێشەوە و دژی هێرشەکانی سەر کۆمەڵگەکەیان شەڕیان کرد و بەرەنگاربوونەوە و شەهیدبوون. بە شەهیدبوونیان سەربەرزین."

عەلی ئاماژەی بەوە کرد: " ڕاستە شەهیدبوون بە ئازارە، بەڵام ئازارێکی خۆشە. ئازاری شەهیدبوون لە هەموو ئازارێک خۆشترە، لەبەرئەوەی لە سایەی ئەم شەهیدبوونەوە هەزاران کەس ڕزگاریان بووە و لە مردنی بەئازار ڕزگاریان بووە. لەبەرئەوە دەڵێین ئازاری شەهیدبوون خۆشە و مانادارە."

عەلی هەروەها ئاماژەی بەوە دا: "هێزێک کە لەسەر فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دامەزرابێت، با هەمووان ئەو هێزە بناسن. ئێمە بە شەهیدێک و دوو شەهید تەواو نابین، کچ و کوڕی ئێزدی زۆرن. یەبەشە و یەژەشە زۆرن و ڕۆژ بە ڕۆژ خۆیان لەسەر فکری ڕێبەر ئاپۆ بەهێزتر دەکەن. ئەم هێزە تاوەکو ئێستا کۆمەڵگەکەمانی لە هەموو جۆرە مەترسییەک پاراستووە و دەیپارێزێت، لەبەرئەوەی ئێمە هێز لە کۆمەڵگە و خەڵکی خۆمانەوە وەردەگرین. ئەوان گیانیان لە پێناوی وڵاتەکەیان بەخشی، شکۆی گەلەکەی خۆیان پاراستووە، ئەوەیە شەهید."