لە بەلجیکا چوار کەس پەیوەست بە هێرشە نەژادپەرستییەکانی دژ بە کوردان سزادران

لە هەرێمی لیمبۆرگی بەلجیکا گرووپێکی نەژادپەرستی تورک، هێرشییان کردەسەر چەند کوردێک کە لە ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆزی ئەڵمانیا دەگەڕانەوە. پەیوەست بە ڕووداوەکەوە دۆسییە کرایەوە و تا ئێستا چوار کەس سزادران.

دادگای تاوانەکانی هاسێڵت بڕیاری خۆی سەبارەت بە هێرشە نەژادپەرستییەکانی هیوسدن-زۆڵدەر و هوتالێن-هێلچتەرێن ڕاگەیاند، کە لە ٢٤ی ئاداری ٢٠٢٣ لە دژی بنەماڵە کوردەکان ئەنجام درا.

ئەم هێرشە لە کاتێکدا بووە کە هاووڵاتییانی کورد لە ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆز لە ئەڵمانیا دەگەڕانەوە. تورکێکی تەمەن ٢٨ ساڵە بە پاساوی هەڵواسینی ئاڵای پەکەکە هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکی کوردی تەمەن ٢٠ ساڵانی خەڵکی ڕۆژئاوا و خوشکە تەمەن ٣٥ ساڵییەکەی، بەهۆیەوە شەڕ و ململانێی لێکەوتەوە.

دادگا سزای ٩٠ کاتژمێر کارکردنی بۆ تورکە تاوانبارەکە و ٧٠ کاتژمێر بۆ هاوڵاتییە کوردەکە، بەکارکردن لە خزمەتی کۆمەڵایەتی بڕییەوە. هەروەها ژنە گەنجەکەش بێتاوان دەرچوو لە کەیسەکەدا.

هێرش بە بەرد و بەنزین

دوای هێرشە نەژادپەرستییەکان، ماڵی بنەماڵەیەکی کورد بە بەرد کرایە ئامانج و هەوڵدرا بە بەنزین بسووتێنرێت. بنەماڵەکە ناچاربوون سێ کاتژمێر خۆیان لە ماڵەوە بشارنەوە، ئەو ڕووداوە بە دەستێوەردانی پۆلیس کۆتایی هات. ئەو کەسەی هێرشی کردبووە سەر ماڵەکە لە دیمەنی کامێراکانی چاودێریدا دەرکەوتبوو. بە تۆمەتی ئەوەی کە نەچووەتە دادگا، سزای شەش مانگ زیندانی، ٤٠٠ یۆرۆ وەک سزا و ٨٠٠ یۆرۆی وەک قەرەبوو بۆ بڕدرایەوە.

هەڕەشە و سوکایەتی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

لە دۆسیەیەکی تردا، کەسێکی ٣١ ساڵ لە گرووپێکی واتسئەپدا داوای هێرشکردنە سەر کوردەکانی کرد. دادگا ٧٠ کاتژمێر خزمەتی کۆمەڵایەتی و ٤٠٠ یۆرۆش سزای ماددی بۆ بڕیەوە.