لە شاری ئایندهۆڤنی هۆڵەندا ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکان بە مەراسیمێک دامەزرا. چەندین ئەکادیمی و نووسەر و هونەرمەند و سیاسەتمەدار و چالاکوان لە ئەوروپا و ئەمریکاوە بەشداربوون. ئەکادیمییەکە ئامانجی ئەوەیە، پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ لە ئاستی جیهانیدا تاوتوێ بکرێت و بڵاوببێتەوە.
ئامانجی سەرەکیی ئەکادیمیاکە لێگەڕینی ئازادیی کۆمەڵایەتییە لەسەر بناغەیەکی ڕۆشنبیریی و تێگەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و سۆسیۆلۆژیای ئازادی کە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە پێشخراوە.
یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەکادیمیاکە، پرۆفیسۆر ئەندرێ گورباجیج، گوتی: "ئامانجی ئەکادیمیاکە ئەوەیە، ببێتە دامەزراوەیەکی ئیلهامبەخش بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان".
مامۆستایەکی ئەکادیمیاکە، کاتی ئەلیستین ڕایگەیاند زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەنێو دامەزراوە ئەڵتەرناتیڤەکاندا ئەزموون دەکرێت. لە زانکۆی سان فرانسیسکۆ پرۆفیسۆر تارگۆل مەسباح ڕایگەیاند نووسینەکانی ڕێبەر ئاپۆ هیوایەکە لەنێو ئەم قەیرانانەدا و پارادایمێکی نوێ پێشکەش دەکات.
تارگۆل ڕایگەیاند جیهان بە قۆناغێکی سەخت و دژواردا ڕادەبورێت، گوتی: "بەڵام لە تەڤگەری ئازادیی کورد و نووسینەکانی ئۆجالانەوە فێردەبین: دەتوانین ئەم چیرۆکە بگۆڕین. دەتوانین شتێکی جیاواز بەرهەم بهێنین. پارادایمی نوێی ئۆجالان وا دەکات، لە لۆژیکی دەوڵەت و سەرمایەداری و باوکسالاری دەربچین. ئۆجالان، مۆدێرنیتەی دیموکراتیک لەسەر بناغەی دیموکراسیی ڕاستەوخۆ، گەڕانەوە بۆ دایک (سرووشت) و بە ناوەندبوونی ژن، پێشنیار دەکات".
وەزیری پێشووی داد و ناوخۆی ئایسلەندا، ئۆگموندور جۆهانسۆن وتەیەکی پێشکەش کرد. پاشان یەک لە دامەزرێنەرانی ئەکادیمیاکە، هاڤین گونەشەر ڕایگەیاند ئەم ئەکادیمیایە نەوەک تەنها لەسەر تەڤگەری ئازادیی کورد، بەڵکو لەسەر بەرهەمی هەموو تێکۆشانەکانی ئازادیی لە جیهاندا، دامەزراوە.
هونەرمەند و نووسەر، سۆنی سۆل، بەشداربوونی لە ئەکادیمیاکە و کاریگەریی ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر خۆی، ڕاڤە کرد و گوتی: "بەشداربوونم لەم کۆبوونەوەیە مایەی شکۆ و شەرەفێکی مەزنە".
ئەکادیمیاکە ئامانجی ئەوەیە، بە هاوکاری بەشداربووان، پلاتفۆرمێکی دابمەزرێنێت و دژی قەیرانەکانی سیستەمی باڵادەست، چارەسەر بخاتەڕوو.